جیهانگرنگترین

ساڵێک بەسەر رووداوەکە تێپەڕی؛ ئەگەر كۆلۆ موانی گۆڵی لە ئەرجەنتین بكردایە چی روویدەدا؟

حەفت گۆرانکاریی گەورە لە مێژووی تۆپی پێ روویان دەدا

یاریگا –

ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022 تێدەپەڕێت، کە لە دوایین ساتەکانی یارییەکە یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین رووداوەکانی مۆندیالەکەی قەتەر روویدا، تاوەکو ئێستاش هەواداران گفتوگۆ و مشتومڕی لەبارەوە دەکەن.

تیۆری ‘کاریگەری دۆمینۆ’ پشتڕاستی دەکاتەوە، ئەگەر راندال کۆلۆ موانی هێرشبەری فەرەنسی یانەی ئێنتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2022 بەرامبەر ئەرجەنتین گۆڵی بکردایە، چەند گۆڕانکارییەکی لە مێژووی تۆپی پێ دروست دەکرد، رووداو و سیناریۆکان وەکو ئێستا نەدەبوون.

بەگوێرەی تیۆری ‘کاریگەریی دۆمینۆ Domino Effect’ وردەكاریی بچووک، هێزی درووستكردنی رووداوی گەورەی هەیە.

لە یاریی کۆتایی مۆندیالی قەتەڕ رۆژی 18/12/2022 لە یاریی نێوان فەرەنسا و ئارجێنتینا کاتێک هەردوولا بە ئەنجامی 3-3 یەکسان بوون، لە خولەكی 122 راندال كۆلۆ موانی هێرشبەری فەرەنسا لە هێرشێكی مەترسیداردا رووبەڕووی ئێمیلیانۆ مارتینێز گۆڵپارێزی ئەرجەنتین بووەوە، ئەگەر هێرشبەرە فەرەنسییەکە ئەو هەلەی نەفەوتاندبا، جگە لەوەی فەرەنسا دەبووە پاڵەوانی جیهان، حەفت رووداو و گۆڕانکاریی گەورە روویان دەدا.

چی دەبوو ئەگەر كۆلۆ موانی بەرامبەر ئێمیلیانۆ مارتینێز گۆڵی بكردایە؟

1- كیلیان ئێمباپێ بە باشترین یاریزانی مۆندیال دەستنیشان دەکرا

بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ لە یاری كۆتایی، كیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی یەكەمی هەڵبژاردەكە بە باشترین یاریزانی مۆندیالی 2022ی قەتەڕ دەستنیشان دەکرا.

نەك تەنیا باشترین یاریزانی یاری بەڵكو بە گۆڵكاری پاڵەوانیەتیەكەش دەستنیشان دەکرا، کیلیان 8 گۆڵی لە پاڵەوانیەتییەکەدا کرد و بە جیاوازی گۆڵێك لە پێشەوە لیۆنێل مێسی بوو.

2- لیۆنێل مێسی وازهێنانی خۆی لە یاری نێودەوڵەتی رادەگەیاند

لیۆ مێسی نەیدەتوانی گرێكوێرەی بەدەستهێنانی مۆندیال بكاتەوە و هەر بۆیە بەیەكجاری وازی لە یاری نێودەوڵەتی دەهێنا.

3- مێسی ئۆفەری ئەمریكا و سعوودیەی رەتدەکردەوە

لە دوای لەدەستدانی جامی جیهانی، مێسی رەتیدەكردەوە ئۆفەرەکانی سعوودیە و ئەمریکا قبووڵ بکات و بڕیاری مانەوەی لە ئەوروپا دەدا، لیۆ دەیویست لە رێگەی یانەیەكی ئەوروپیەوە قەرەبووی شكستەکەی بكاتەوە.

4- كۆلۆ موانی فرانكفۆرتی بەجێدەهێشت و ئۆفەری گەورەی بۆ دەچوو

لەبەرئەوەی هۆكاری گۆڵی چوارەم و بەدەستهێنانی جامی جیهانی دەبوو، زۆربەی یانە زلهێزەكانی ئەوروپا هەوڵی بەدەستهێنانی هێرشبەرە فەڕەنسیەكەیان دەدا.

5- كیلیان ئێمباپێ باڵۆن دۆری دەبردەوە

كیلیان ئێمباپێ پێش هەریەك لە لیۆنێل مێسی و ئێرلینگ هالاند دەكەوتەوە و بۆ جاری یەكەم لە کاروانی وەرزشی خۆیدا باڵۆن دۆری دەبردەوە.

6- ئێدەرسن خەڵاتی لیڤ یاشینی دەبردەوە

ئێدەرسن مۆرایس گۆڵپارێزی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، خەڵاتی لیڤ یاشینی وەك باشترین گۆڵپارێزی ساڵ دەبردەوە، بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و جامی یەكێتی ئینگلتەرا لەگەڵ مان سیتی.

7- هێشتا ركابەریی نێوان مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ كۆتایی نەدەهات

هێشتا مشتومڕی هاندەرانی تۆپی پێ لەسەر باشترین یاریزانی مێژوو لە نێوان كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی بەردەوام دەبوو، هیچ کامێکیان نەیانتوانیبوو جامی جیهانی بەدەستبهێنن.

بابەتی زیاتر

Back to top button