ئیسپانیا

پێرێز پێشنیارێکی بۆ ئەنچێلۆتی هەیە

یاریگا –

فلۆرێنتیۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بە یاریکردنی ئیدواردۆ کاماڤینگا لە هێڵی بەرگریدا دڵخۆش نییە و بەم بۆنەیەوە ئامۆژگارییەکی بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی هەیە.

کاماڤینگا، لە دوای هاتنی بۆ یانەی ریال مەدرید، توانی زوو متمانەی ئەنچێلۆتی راهێنەر بەدەست بهێنێت و لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەهرەکانی خۆی نیشان بدات.

یەکێک لە تایبەتمەندییە باشەکانی ئەم یاریزانە ئەوەیە کە توانای یاریکردنی لە زۆر پۆستدا هەیە کە تەنانەت تایبەتمەندی ئەویش نین، ئەمەش لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا چەندین جار یارمەتی ئەنچیلۆتی داوە.

ئەم ئەستێرە فەڕەنسییە زۆرجار لە کاتی پێکانی یاریزانەکانیتر بە تایبەت لە هێڵی بەرگریدا یارمەتی تیپەکەی داوە و توانییویەتی لە پۆستە جیاکاندا یاری بکات، هەرچەندە خۆی حەز بە یاریکردن لە هێڵی بەرگریدا ناکات و دەڵێت شوێنی ئەو لە هێڵی ناوەڕاستدایە.

ئێستا بڵاوکراوەی ئیسپانی ریڤۆلۆ بڵاویکردووەتەوە کە پێرێز هەمان بۆچوونی کاماڤینگای هەیە و ئەنچیلۆتی لەم بابەتە ئاگادارکردووەتەوە کە باشترە کاماڤینگا لەمەودوا لە هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەیدا یاری بکات.

پێکانەکەی ئۆرێلەن چوامێنی و شکانی قاچی وایکردووە ئەم یاریزانە نەتوانێت لانیکەم بۆ ماوەی دوو مانگی داهاتوو لە یاریگادا ئامادە بێت، داواکارییەکەی پێرێزیش بۆ ئەنچیلۆتی ئەوەیە کە لەبری چوامینی لە هێڵی ناوەڕاستدا کاماڤینگا بەکاربهێنێت و چیتر لەو پۆستانەی کەشیاوی ئەو نین یاری پێنەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button