ئیسپانیا

بارسێلۆنا: پێرێز بێڕێزیمان پێدەکات

یاریگا –

خوان گاسپارت، سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆنا پێی وایە ئامادەنەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە یارییەکەی ئیلکلاسیکۆدا بێڕێزییە بەرامبەر بەم یانەیە.

هەستیاری یارییەکەی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییە و لێدوانەکانی خوان لاپۆرتا، هەروەها تویتەکەی گوتەبێژی یانەکە بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆر زیاتر لە جاران زیادی کردووە.

هەر لەو کاتەدا بوو کە میدیاکانی نزیک لە ریال مەدرید بڵاویان کردەوە کە پێرێز زۆر دڵتەنگ و توڕەیە لەم بابەتەی رووبەڕووی ڤینیسیوس بووەتەوە، هەر بۆیەش پلانی نییە ئامادەی یاریی ئیلکلاسیکۆ ببێت.

گاسپارت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ Rac1 گوتی:

پێموایە ئەوە بێڕێزییە. فلۆرێنتینۆ کەسێکی گەورەیە. هەمووان لە سەردەمی لویس فیگۆدا ئاگاداری کێشەی منو ئەون. زۆر جار بێ هیوای کردوم بەڵام سروشتی ئەو وایە. پێم سەیرە بۆ بەڕێوەبەرانی ریال و بارسا ناتوانن پێکەوە دابنیشن و خواردنێک بخۆن؟ بێگومان ئەگەر من سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بومایە، بە دڵنیاییەوە دەچوومە ئەم یارییە.

هەروەها ئاماژەی بە ئەو دیدارە کرد کە لەگەڵ لاپۆرتا و سەرۆکەکانی تری پێشووی بارسا ئەنجامی داوە گوتی:

هەندێک لە ئێمە جیا لە کار هاوڕێی یەکین. ئێمە حەز دەکەین ئەم کۆبوونەوەیە ئێوارەخوانە دووبارە بکەینەوە بەپێی پێویست، هەموو هەفتەیەک، مانگی جارێک یان دوو مانگ جارێک. هەموومان بە دڵخۆشی ئەم کۆبوونەوەیەمان بەجێهێشت.

لە باسی کێشەی نێگرێرادا گوتی:

هەمووان باسی دۆسیەی نێگیرا دەکەن، بەڵام بارسێلۆنا هیچ هەڵەیەکی نەکردووە. پێرێزیش باش ئاگاداری مێژوو و کاتی یارییەکان بووە و دەزانێت بارسێلۆنا هیچ شتێکی نایاسایی لە دۆسیەی نێگیرادا ئەنجام نەداوە. ئێمە متمانەی تەواومان بە جێبەجێکردنی دادپەروەری هەیە. هەمووان دەزانن لەم یانەیە چی روویدا و ئێمە زۆر متمانەمان بەخۆمان هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button