چاوەڕوانی لێستەر سیتی بن… دابڕانیان زۆر ناخایەنێت
رێوییەکان دەگەڕێنەوە
یاریگا –
دوای تەنیا وەرزێک لە دابەزین، لێستەر سیتی نزیکە لە گەڕانەوە بۆ پرێمەرلیگ.
وەرزی رابردوو بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لێستەر سیتی بە ئاستێکی خراپ دەرکەوت، لە ئەنجامدا پاڵەوانەکەی وەرزی 2015-2016ی پرێمەرلیگ، دابەزی بۆ ریزی یانەکانی چامپیۆنشیپ.
بەڵام پێدەچێت دوورکەوتنەوەی رێوییەکان لە پرێمەرلیگ زۆر نەخایەنێت، بەوپێیەی یانەکە لە وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنشیپ بە ئاستێکی زۆر بەرز دەرکەوتوون، پێشەنگی خولەکەیان گرتووە.
لێستەر سیتی لە 12 یاریدا خاوەنی 11 بردنەوە و 1 دۆڕانە، بە کۆکردنەوەی 32 خاڵ و بە جیاوازی 5 خاڵ لەگەڵ ئایپسویچ تاون، پێشەنگی خولەکەی گرتووە، لیدز یونایتدیش بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە.
ریزبەندی چامپیۆنشیپ (وێنەکە لە ئەپلیکەیشنی یاریگا وەرگیراوە)
بە سەرکردایەتی جەیمی ڤاردی بە ئەزمون و ئەفسانەی تیپەکە، لێستەر لەم وەرزەی خولەکە خاوەن بەهێزترین هێڵی هێرشبەرییە، تیپەکە توانیوییەتی 26 گۆڵ بکات.
جیا لەوە، لێستەر خاوەن بەهێزترین هێڵی بەرگری خولەکەشە، لەکۆی 12 یاری تەنیا 7 گۆڵیان لێکراوە
ئەو تیپانەی زۆرترین گۆڵیان کردووە و کەمترین گۆڵیان لیکراوە (وێنەکە لە ئەپلیکەیشنی یاریگا وەرگیراوە)
سەرەڕای ئەوەی دابەزینی یانەکە بووە هۆی رۆیشتنی چەند ئەستێرەیەکی گەورەی تیپەکە، کە لە دیارترینیان جەیمس مادیسن بە 46 ملیۆن یۆرۆ چووە تۆتنهام و هارڤی بارنسیش بە 44 ملیۆن چووە نیوکاسڵ، بەڵام تیپەکە بە بەهێزی ماوەتەوە.
بۆیە ئەگەر هیچ رووداوێکی چاوەڕواننەکراو روونەدات و دۆخی باشی یانەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت، ئەوا دوورکەوتنەوەی رێوییەکان لە پرێمەرلیگ تەنیا وەرزێک دەخایەنێت، وەرزی داهاتوو دەگەڕێنەوە.
Fatawu's first for the Foxes 💥 pic.twitter.com/iYZRhyU2Y4
— Leicester City (@LCFC) October 21, 2023