ئیسپانیا

یاریزانانی بارسێلۆنا ناسناوێکی سەیر لە فێران تۆرێس دەنێن

یاریگا –

فێران تۆرێس یاریزانە باڵەکەی بارسێلۆنا، دڵخۆشە بەوەیکە ناسناوی نەهەنگیان لێناوە.

فێران تۆرێس، یەکێک بوو لەو یاریزانانەی بارسێلۆنا لەم هاوینەدا لە لیستی فرۆشتنەکانی دانابوو، بەڵام ئەو سور بوو لەسەر مانەوە لە یانەکە. فیران کە تاوەکوو ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، توانیویەتی لەم وەرزەدا سەرەتایەکی باش دەستپێبکات. هەرچەندە تاوەکوو ئێستا لە پێکهاتەی سەرەکی چاڤی دا جێگەی خۆی نەکردووەتەوە، بەڵام توانیویەتی لە 10 یاریدا 4 گۆڵ تۆمار بکات، ئەمەش ئامارێکی باشە بۆ یاریزانێکی یەدەگ.

فێران زۆر دڵخۆشە بەوەیکە ناسناوی نەهەنگی بارسێلۆنایان پێ بەخشیوە و لەمبارەیەوە بە سپۆرت دەڵێت:

دڵخۆشم کە پێم دەڵێن نەهەنگ. من حەزم لە شەڕ کردن و ئارەزووی سەرکەوتن و بەرەو پێش چوونە. هەرچەندە دەڵێن ئەمساڵ بوومەتە فران تۆرێسێکی نوێ، بەڵام لەڕاستیدا هەمیشە بەم شێوەیە بووم. زۆر گرنگە لەیاریگادا شاراوە بیت و لە پڕ دەربکەویت و ئامانجەکەت بپێکیت. نەهەنگیش بەم شێوەیە راو دەکات.

فێران سەبارەت بە دەنگۆی جێهێشتنی بارسێلۆنا لەم هاوینەدا گوتی:

پێویست بە قسەکردن لەگەڵ چاڤی نەدەکرد و پێشتریش گوت بووم بارسا جێناهێڵم. گرێبەسم هەبوو و روون بوو کە نامەوێت بچمە یانەیەکی تر. نامەوێت ناوی کەس بهێنم، بەڵام بەداخەوە زانیارییەک دزەپێکرا بۆ میدیاکان کە دوور بوو لە راستییەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button