ئاسیاسعودیەگرنگترین

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی دووبارەکردنەوەی یاری نێوان سێپاهان و ئیتیحاد دەکات

یاریگا –

حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتیدەکاتەوە، سعودیە و ئێران لەسەر دووبارەکردنەوەی یاری نێوان سێپاهان و ئیتیحاد رێککەوتوون.

عەبدوڵڵاهیان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە بەمجۆرە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد

بەردەوام لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە لەسەرهێڵ بووم و پێویستە خەڵک ئەمە بزانێت، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز لەسەر رێچکەیەکی دروست دەڕوات و پێویستە رێگە نەدەین، وەرزش ببێتە ئامرازێکی سیاسی بەدەست هیچ لایەنێکەوە. داوا لە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا دەکەین، بڕیارەکەی لەسەر بنەمایەکی هونەری بدات، چونکە رێککەوتنێک لە نێوان سعودیە و ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی یارییەکە هەیە.

یانەی ئیتیحاد ناڕەزاییان لەسەر دیزاینی یاریگاکە دەربڕیبوو، چونکە پەیکەرێکی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە نێو یاریگاکە دانرابوو. ئەمەش ناڕەزایی سعودییەکانی لێکەوتەوە. قاسم سلێمانی لە هێرشێکی درۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەرەتای ساڵی 2020 لە بەغدا کوژرا.

دوای هەڵوێستی یانە سعودییەکە، سەرپەرشتیاری یارییەکە هەڵوەشاندنەوەی یارییەکەی راگەیاند و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا دەستبەجێ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

بەهۆی پێشهاتی پێشبینی نەکراو، یاری نێوان سێپاهان و ئیتیحاد هەڵوەشایەوە. فایڵی یارییەکە دەدرێتە لیژنەی تایبەتمەند.

سێپاهان کاردانەوەیەکی توندی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە هەبوو، لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، ناوبژیوان یارییەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و سکاڵای یاسایی لەسەر ئیتیحاد تۆمار دەکات.

دواتر، یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ ئیتیحاد راگەیاند.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، پەیکەرەکە ماوەیەکە لە یاریگای نەقشێ جەهان داندراوە، هەرگیز تایبەت بۆ ئەم یارییە ئامادە نەکرابوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button