ئیتاڵیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

یاریگایەکی خەیاڵی دەبێتە ماڵی نوێی ئەیسی میلان

میلان یاریگایەکی 70 هەزار هاندەری درووست دەکات

یاریگا –

بۆ درووستکردنی یاریگایەکی نوێ، ئەیسی میلان یەکەم هەنگاوی فەرمی نا.

پێگەی فەرمی یانەی ئەیسی میلان بڵاویکردووەتەوە، بۆ درووستکردنی یاریگایەکی 70 هەزار هاندەری لە باشووری شارەکە، یەکەم هەنگاوی فەرمیمان ناوە و رێکارەکانی درووستکردنی یاریگاکە دەستیانپێکردووە.

بۆچی سان سیڕۆ چۆڵ دەکەن؟

میلان لە ساڵی 1926 یاریگای سان سیڕۆی بینادناوە و تا ساڵی 1935 موڵکی یانەکە بووە، بەڵام دواتر لەلایەن شارەوانی شارەکە دەستیبەسەردا گیراوە. لە دوای جامی جیهانی 1990 تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە.

ئەیسی میلان لەگەڵ ئینتەر میلان بە هاوبەشی لەو یاریگایەدا یاری دەکەن، لە رابردوودا چەند هەوڵێکیان بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە داوە، بەڵام شارەوانی شارەکە بەو کارە رازی نییە، شوێنەکە بە کەلەپوری نیشتیمان دادەنرێت و هیچ کەسێک بۆی نییە بیڕوخێنێت.

لە ساڵی 2021 هەردوو یانە پلانێکیان راگەیاند بۆ درووستکردنی یاریگایەکەی 60 هەزار هاندەری لە شوێنی یاریگایەکەی ئێستا، بەڵام ناڕەزاییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، رێگە بە رووخاندنی سان سیڕۆ نەدرا و پڕۆژەکە هەڵوەشایەوە.

یاریگای سان سیرۆ

یاریگا نوێیەکە چۆن دەبێت؟

یاریگایە نوێیەکەی میلان دەکەوێتە ناوچەی سان دۆناتۆ میلانێزی، میلان پلانی وایە ناوچەکە ببەستێتەوە بە بەشەکانی دیکەی شارەکە بە درووستکردنی رێگەی نوێ بۆ هۆکارەکانی گواستنەوەی وەک میترۆ، هێڵی ئاسنین و رێگای ئۆتۆمبێل، تا هاندەران و گەشتیاران بە ئاسانی دەستیان بە ناوچەکە بگات.

جیا لەوەش رێگایەکی تایبەت بۆ لێخوڕینی پایسکل درووست دەکەن کە دەبێتە هەنگاوێکی نوێ و گرنگ بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە دەورووبەری یاریگایەکەدا.

هەروەها یاریگایەکە گرنگییەکی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەدات، بەشێوەیەک دیزاین کراوە ئەوانیش بتوانن بە شێوەیەکی ئاسوودە لە هەموو گۆشەکانی یاریگا چێژ لە یارییەکان وەربگرن.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی یاریگایەکە ئەوەیە کە سیستەمی ریساکڵینکردنی ئاو لە خۆ دەگرێت، ئەمەیش سودێکی یەکجار زۆر بە ناوچەکە دەگەیەنێت.

نمونەی رێساکلینکردنی ئاو

بێگومان پڕۆژە سەرنجڕاکێشەکە هەر ئەوەندە نییە، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبایش لەخۆ دەگرێت. پرۆژەکە ئەوەندە بە وردی دیزاین کراوە، لە پێناو خزمەتکردنەوە بە شارەکە لە بچوکترین سەرچاوەکان سود وەردەگیرێت.

جیا لەوەیش یاریگایە نوێیەکە کۆمەڵێک بازاڕی تایبەت، موانخانە، خواردنگە، سەنتەری وەرزشی و کۆمەڵیک خزمەتگوزاری دیکە لە خۆ دەگرێت. ئەمەش هاوکاری گەشەکردنی ئابووری میلان دەدات.

پاولۆ سکارلۆنی سەرۆکی یانەکە لە بارەی یاریگا نوێیەکە دەڵێت:

زیاتر لە چوار ساڵە پلانمان بۆ درووستکردنی ئەم یاریگایە داڕشتووە، دەمانەوێت ئەم یاریگایە توانای هەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵماندا بەردەوامبێت، هەنگاوی سەرەتایی بۆ درووستکردنی یاریگایەکە بەشێوەیەکی درووست دەستیپێکردووە و کارەکان بەشێوەیەکی درووست بەڕێوەدەچن.

ئینتەر دراوسێ چی بەسەردێت؟

هاوکات یانەی ئینتەر میلانیش بیر لە درووستکردنی یاریگایەکەی تایبەت بە خۆی دەکاتەوە، سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی شاری ئاسگۆن کە شارۆچکەیەکی باشووری میلانۆیە.

چاوەڕوان دەکرێت هەر لەم ساڵدا ئینتەریش پرۆژەی درووستکردنی یاریگایەکی نوێ رابگەیەنێت و جارێکی دیکە دوو یانە مێژوویەکی شاری میلانۆ لە سان سایڕۆ و جۆزێپی مایزا نابینینەوە.

یاریگای جۆزێپی میازا – سان سیرۆ

 

بابەتی زیاتر

Back to top button