هێرێرا: ئامادە بوونی مێسی لە یاریگادا پاڵنەرێکی بەهێزە
یاریگا –
هیکتۆر هێرێرا، ئەستێرەی مەکسیکی یانەی هیوستن دینامۆ دەڵێت، یاریکردن بەرامبەر لیۆنێل مێسی پاڵنەرێکی زیاتریان پێدەبەخشێت.
سبەی بەرە بەیان بەکاتی هەولێر، هیوستن دینامۆ لە یاری کۆتایی جامی کراوەی ئەمریکا رووبەڕووی ئینتەر مەیامی دەبێتەوە. پێکانەکەی مێسیش وایکردووە ئامادەبوونی لەم یارییەدا نادیار بێت و تاتا مارتینۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیدا ئامادەبوون و نەبوونی ئەم یاریزانەی پشتڕاست نەکردەوەتەوە بەجۆرێک هاندەرانی ئینتەرمەیامی هێشتا هیوادارن ئەستێرەی تیپەکەیان لەم یارییەدا ببینن.
بێن ئۆلسن، راهێنەری یانەی هیوستن پێش ئەم یارییە بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە دڵنیایە ئەم ئەستێرە ئەرجەنتینییە لەم یارییەدا یاوەری تیپەکەی دەبێت، هێرێراش جەختی لەوە کردەوە کە بوونی ئەو یاریزانە لە بەرامبەریان پاڵنەرێکی ئەرێنییە.
ئەم یاریزانە پێشووەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند:
دەزانین یارییەکی قورسمان لە پێشە و دەبێت بە وزەی 100% بچینە نێو یاریگا و زیاتر لە 90 خولەک سەرنجمان لەسەر ئەم یارییە و رووداوەکانی ناو یاریگا بێت. ئێمە پاڵنەرێکی زۆرمان هەیە. ئێمە دڵنیاین کە دەتوانین دەستکەوتێکی گرنگ بەدەست بهێنین، بەڵام لە هەمان کاتدا، دەزانین کە رووبەڕووی رکابەرێکی بەهێز دەبینەوە کە تاتا مارتینۆ سەرکردایەتی دەکات و باشترین یاریزانی جیهانیش یارییان بۆ دەکات، ئەم دووانە پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی چاوەڕێی ئەم یارییە بکەین”.