ئیسپانیا

لە یاریگای بارسێلۆنا دزی لە هاندەران کرا

یاریگا –

‎دەیان هاندەری بارسێلۆنا، کە بۆ بینینی یاری تیپە دڵخوازەکەیان بەرامبەر سێلتاڤیگۆ چوونەتە یاریگای مونجۆیک، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە کاتێک گەڕانەوە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی یاریگاکە، تووشی رووداوێکی ناخۆش بوون.

بردنەوەی بارسێلۆنا بە ئەنجامی 2-3 بەرامبەر سێلتاڤیگۆ، کە لە خولەکی 81دا لە دوو گۆڵی بێ وەڵامەوە گەڕایەوە، تاکە دڵخۆشی بەشێک لەو هاندەرانە بوو کە یاریگاکەیان پڕ کردبوو. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، لە کاتی یارییەکەی بلوگرانا بەرامبەر سێلتاڤیگۆ، ماتۆڕسکیلی چەند هاندەرێک کە لە یاریگاکەدا ئامادەبوون، دزراوە.

ئەمە لەلایەن چەند هاندەرێکی بارسا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و هەندێکی دیکەش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە یارییەکانی ئەم دواییەی بارسا لە یاریگای خۆیاندا هەمان شتیان بەسەر هاتووە، هەندیکیش ئاماژە بەوە دەکەن کە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا کەل و پەل دزراوە.

شایەنی باسە رێگە بە 3500 ماتۆڕسکیل دراوە بچنە ناو گەراجی یاریگاکە کە نزیکەی 15 خولەک بە پێ لە یاریگاکەوە دوورە. شوێنێکی دوورو کەم رووناکیە کە لەبار نییە بۆ هەواداران، پارک کردنی ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستە و شەقامەکانی یاریگاشدا رێگەپێدراو نییە، وەک چۆن لە کۆنسێرت یان بۆنە و ئاهەنگەکانی تردا رێگەپێدراو نییە، بۆیە هاندەرەکان ماتۆرسکیل هەڵدەبژێرن تاوەکوو پێی بڕۆنە یاریگاکەوە.

بەڵام ئەم بابەتە تەنها لەلایەن چەند کەسێکەوە ئاماکەی پێکراوە تاوەکوو ئێستا لەلایەن پۆلیس یاخود یانەکەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە. پێشبینی دەکرێت لەمەودوا چاودێری زیاتر بکرێت و هێزە ئەمنییەکان لەکاتی یارییەکاندا زیاد بکرێت بۆ ئەوەی کێشەی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button