خوله‌کانی دیکە

ئەڵمانیا شوێنگرەوەی هانس فلیک دیاری دەکات

یاریگا –

فیدراسیۆینی تۆپی پێی ئەڵمانیا بە شوێنگرەوەی هانس فلیک دیاری دەکات.

کەمێک لەمەوبەر پێگەی فەرمی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریانداوە هانس فلیک و هەردوو یاریدەدەرەکەی لە پۆستی راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا دووربخەنەوە.

فیدراسیۆینی تۆپی پێی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەکە ئاماژەیان بەوەیش کردووە بە خێرایی بەدوای شوێنگرەوەیەک دەگەڕێن تا شوێنی هانس فلیک بگرێتەوە.

لەو باریەوە رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراوی ئەڵمانی کریستان فاڵک بڵاویکردووەتەوە، جولیان ناگلیسمان پاڵێوراوێکی سەرەکییە تا ببێت بە راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.

ناگلیسمان لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوو لە پۆستی راهێنەرایەتی کردنی یانەی بایرن میونشن دوورخرایەوە، لەو کاتەیشەوە هیچ پۆستێکی نوێی وەرنەگرتووە و پاڵێوراوێکی بەهێزە بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی فلیک.

هەمان سەرچاوە بڵاویکردووەتەوە، لویس ڤانگالی هۆڵەندی و راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی هۆڵەندا پێی راگەیاندووم، کە هێشتا بە یەکجاری وازی لە کاری راهێنەرایەتی نەهێناوە و بەردەوامە لە کارەکەی.

جیا لەوە راهێنەرە تەمەن 72 ساڵانییەکە بە رۆژنامەنووسە ئەڵمانییەکەی گوتووە ئارەزوو ناکات ئەرکی راهێنەرایەتی هیچ یانەیەک لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام هێشتا هەڵبژاردەکان دەرفەتی ئەوەیان هەیە تواناکانی بەدەست بهێنن، بۆیە ڤان گالیش یەکێکی دیکە دەبێت لە پاڵێوراوان بۆ بوون بە راهێنەری نوێی مانشافت.

هاوکات یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی رۆد ڤۆلەر، بۆ یارییە دۆستانەکەی رۆژی سێشەممە بەرامبەر بە هەڵبژاردەی فەڕەنسا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەبێت تا ئەوکاتەی بە خێرایی شوێنگرەوەیەک دەدۆزنەوە.

وڵاتی ئەڵمانیا لە هاوینی داهاتوو میوانداری یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای ساڵی 2024 دەکات، یەکێتی تۆپی پێی ئەو وڵاتە پێویستە شوێنگرەوەیەکی گونجاو بۆ راهێنەرە دووخراوەکەی بدۆزێتەوە تا تووشی هەمان شکستە سەختەکەی جامی جیهانی رابردوو نەبنەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button