ئیسپانیا

دیاز: خەونی من گوێگرتنە لە سروودی چامپیۆنزلیگ لە بێرنابیۆ!

یاریگا –

ئیبراهیم دیاز، هێرشبەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت، بێسەبرانە چاوەڕێی دەستپێکردنی یارییەکانی تیپەکەیەتی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

دیاز لە رابردوودا مێژوویەکی هەبوو لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، بەڵام لەو کاتەدا دۆخەکە بە شێوەیەک بوو کە بڕیاریدا ئەم یانەیە جێبهێڵێت و بە خواستن پەیوەندی بە میلانەوە کرد.

بە هۆی رۆیشتنی چەند یاریزانێکی هێرشبەر لەریال مەدرید وەک کەریم بێنزێما و مارکۆ ئەسینسیۆ، وایکرد ئەم یاریزانە لە گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا بگەڕێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و بە رێنمایی کارلۆ ئەنچیلۆتی دەست بە کاروانە نوێیەکەی بکات.

لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی یانەی ریال مەدرید، ئەستێرە ئیسپانییەکە سەبارەت بە بارودۆخی خۆی دەڵێت:

ئامادەم یارمەتی تیپەکە بدەم و لەو خولەکانەدا کە دەرفەتی یاریکردنم هەیە خۆم پیشان بدەم. لە دوایین یاریدا لە کاتێکی زۆر باشدا چوومە ناو یاریگا. تیمەکە زۆر باش بوو، منیش یارمەتیم دان و هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەچوو. راهێنەرەکە زۆر دڵی خۆش بوو. پێی گوتم کە پێویستە هەموو ئەو خولەکانەی لەناو یاریگادام بەکاری بهێنم و چێژ لە یارییەکە وەربگرم. منیش هەمان رێنماییەکانی ئەو جێبەجێ دەکەم”.

دیاز خۆشحاڵی خۆی بو گەڕانەوە بۆ ئەم تیپە دەربڕی و گوتی:

بردنەوە لەگەڵ یانەی یال مەدریدم خۆشدەوێت. هەر یاریزانێک دەتوانێت لە ساتێکدا بەهرەی خۆی پیشان بدات و گۆڵ تۆمار بکات. یارییەکی تیمییە و یاریزانی زۆر باشمان هەیە. ئەم تیپە وەک ئەوەی راهێنان بکات یارییەکانی دەکات و لە کۆتاییدا ئەنجام بەدەست دەهێنێت.

دیاز سەبارەت بە یارییەکانی داهاتوو ئاماژەی بەوەشکرد،

بەڕاستی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی یاریکردنم لە چامپیۆنزلیگ و خەونیشم گوێگرتنە لە سروودی ئەم پاڵەوانێتییە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ. یەکەم یاری ئەم پاڵەوانەتیەش لێرەیە و چێژێکی زۆری لێ وەردەگرم. ئێمە خشتەیەکی قورسمان هەیە و دەبێت نزیکەی سێ رۆژ جارێک یاری بکەین، بەڵام ئەوە هیچ نییە و ئامادەین بۆ ئەوەی لە پێشمانە. گومانم نییە کە ئاستێکی پێشکەش دەکەین، چونکە تیپێکی زۆر بەتوانا و باوەڕپێنەکراومان هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button