مۆندیال

سکالۆنی: مێسی پێویستی بە پشوو نییە

یاریگا –

دەنگۆی ئەوە هەبوو کە لیۆنێل مێسی لەمەودوا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین زیاتر پشوو دەدات، بەڵام لیونێل سکالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جەختی لەوە کردەوە کە مێسی وەک یاریزانی سەرەکی هەڵبژاردەکەی بەردەوام  دەبێت لە یاریکردن.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بڕیارە بەرەبەیانی ئەمشەو کاتژمێر 3:00 بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانی رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیکوادۆر ببێتەوە. پاڵەوانی جیهان میوانداری ئەم یارییە دەکات.

لیۆنێل سکالۆنی راهێنەری ئەرجەنتین لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی یارییەکەدا رایگەیاند، لیۆنێل مێسی زۆرترین خولەک لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 لە ئەمریکای باشوور یاری دەکات.

یاریزانە تەمەن 36 ساڵەکە لە یانە نوێیەکەی ئینتەر مەیامی زۆرترین خولەک یاری بۆیان کردووە، لە ماوەی یەک دوو مانگی رابردوودا 9 یاری لەگەڵ یانە ئەمریکییەکە ئەنجامداوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت سبەی پێنجشەممە بەرامبەر ئیکوادۆر لە بوینس ئایرێس 90 خولەک یاری بۆ هەڵبژاردەکەی بکات.

سکالۆنی لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیدا گوتی:

“دوێنێ لەگەڵ مێسی قسەم کرد و گوتی بەتەواوی ئامادەیە و ماندوو نییە”. لە راستیدا تا دەتوانێت یاری دەکات. بۆ ئێمە تەنها ئەوەی گرنگە کە ئەو لە یاریگادایە. گەر نیگەرانی پێکان لە ئارادا، هیچ هۆکارێکمان نییە بۆ ئەوەی پشوو بدات.

سکالۆنی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

ئێستا ئەو لەو شوێنە یاری دەکات کە خۆشیان دەوێت و هەمیشە دەڵێم مێسی دەبێت دڵخۆش بێت کاتێک لە چوارگۆشەی سەوزدایە پێدایە، بەبێ گوێدانە ئەو وڵات و شارەی کە تێیدایە، پێویستە لیۆ یاری تۆپی پێ بکات و هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی بکات.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەرجەنتین رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە دووەم یاری پاڵاوتنی جامی جیهانی لە لاباز رووبەڕووی بۆلیڤیا دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button