جیهانگرنگترین

ئەمڕۆ ناوی پاڵێوراوانی باڵۆندۆر ئاشکرادەکرێن

یاریگا –

گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ، وادەی ئاشکراکردنی لیستی پاڵێوراوانی بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆری ساڵی 2023 راگەیاند.

مەراسیمی راگەیاندنی براوەی باڵۆندۆر و دابەشکردنی خەڵاتەکان لە 30ی ئۆکتۆبەری داهاتوو لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 7:30 خولەکی ئێوارە بە کاتی کوردستان، گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ لیستی کۆتایی پاڵێوراوان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە ئاشکرا بکات.

بەگوێرەی هەژماری فەرمی گۆڤارە ناودارەکە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، لیستی کۆتایی بۆ خەڵاتی تۆپی زێڕین بۆ پیاوان 30 پاڵێوراو لەخۆدەگرێت، 20 پاڵێوراویش بۆ ئافرەتان.

جیا لەوەیش ناوی 10 پاڵێوراو بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی “یاشین” بۆ باشترین گۆڵپارێز ئاشکرا دەکرێن، ناوی 10 پاڵێوراوی دیکەش بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی “کوبا” بۆ باشترین یاریزانی تەمەن خوار 21 ساڵان ئاشکرا دەکرێن.

بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر، لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و یاریزانی ئینتەر مەیامی ئەمریکی وەک پاڵێوراوی سەرەکی سەیر دەکرێت، کە سەرکردایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جامی جیهانی 2022.

ئێرلینگ هالاندی نەرویجی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی سەرەکیترین رکابەری مێسییە، کە وەرزی رابردوو بووە گۆڵکاری پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ، هەر سێ نازناوە سەرکییەکی ساڵیشی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێنا.

لیۆنێل مێسی بە بەدەستهێنانی 7 خەڵاتی باڵۆندۆر خاوەن ژمارەی پێوانەییە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالیش بە بەدەستهێنانی 5 خەڵات لە پلەی دووەم دێت.

هاوکات کەریم بێنزێمای فەڕەنسی و ئەستێرەی پێشوویی یانەی ریال مەدرید، خاوەن دوایین وەشانی خەڵاتەکەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button