گواستنەوەکان لە پرێمەرلیگ چۆن دەکرێن؟ لە دوا کاتژمێرەکاندا چی روودەدات؟
یاریگا –
گواستنەوەی یاریزانان کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو لە هەندێ کاتدا زۆر ئاڵۆز دەبێت، بۆیە ئەگەر یانەکانی بەڕێوەبەرێکی وەرزشی ژیریان نەبێت، رەنگە هەندێ جار گواستنەوەکانیان لەناو دەست هەڵبوەشێتەوە.
نموونە زۆرن، چەندین گواستنەوە لە دوا ساتەکاندا بە هۆی دواکەوتن یان نەزانی و دابین نەکردنی زانیاری پێویست، هەڵوەشاونەتەوە.
لاپەڕەی گرێبەست چییە؟
شتێک هەیە پێی دەڵێن ‘لاپەڕەی گرێبەست’، ئەم لاپەڕەیە رێگە بە یانەکان دەدات داوای کاتی زیاتر بکەن، تاوەکو تەواوی بەڵگەنامەکان ئامادە دەکەن.
کاتژمێر 23:00ی دوا رۆژی گواستنەوەکان، بازاڕەکە دادەخرێت، لاپەڕەی گرێبەست بەر لە کاتژمێر 21:00 کاری پێناکرێت.
کاتێک لاپەڕەی گرێبەستەکە دەگاتە لای دەستەی پرێمەرلیگ، ئەوا دوو کاتژمێری دیکە بە هەردوو لایەنەکە دەدرێت، تاوەکو تەواوی پێداویستی و بەڵگەنامەکان دابین بکەن. واتە تاوەکو 01:00ی نیوە شەو، کاتیان بۆ درێژ دەکرێتەوە.
بەڵام ئەگەر یانەکان بیانەوێت یاریزانێک لە دەرەوەی پرێمەرلیگ بگوازنەوە، ئەوا دەبێ بە سیستمی گواستنەوەکانی فیفا پابەند بن. کە 00:00 (12:00) شەو دادەخرێت.
نموونەی لاپەڕەی گرێبەست
چۆن یانەکان پڕۆسەی گواستنەوەکان تەواو دەکەن؟
بۆ ئەوەی یاریزانێک تۆمار بکرێت، پێویستە یانەکان تەواوی بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەکە، بۆ پرێمەرلیگ بنێرن. لە هەمووی گرنگتر، گرێبەستی نێوان هەردوو یانەکە و رەزامەندی حکومەتی بەریتانیا لەسەر رێگەپێدان بە یاریزانەکە و وەرگرتنی ڤیزای کار.
بە نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی گواستنەوەکان، پرێمەرلیگ یانەکان ئاگادار دەکاتەوە و داوایان لێدەکات، ئایا هیچ کارێکی پەیوەندیدار بە تۆپی پێی پرێمەرلیگ و بەشی یاسایی پرێمەرلیگ ماوە، ئەگەر مابێت، ئەوا ئامادەکارییەکان دەستپێدەکەن.
نووسینگەی یاسایی پرێمەرلیگ تاوەکو درەنگانێکی شەو لە کار دەمێننەوە و بە خێرایی وەڵامی پرسیار و داواکارییەکانی یانەکان دەدەنەوە.
یاسای گواستنەوەکانی پرێمەرلیگ چۆنە؟
کاتێک بەڵگەنامەکان لە یانەیەکەوە دەگەنە پرێمەرلیگ، بە وردی وردبینی بۆ دەکرێت و یاساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەراشی لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
لە هەندێ گواستنەوەدا، دەبێ بە یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی کار بکرێت، بە تایبەت بۆ یاریزانێک کە لە دەرەوەی کیشوەری ئەوروپا بچێتە پرێمەرلیگەوە.
دوای وردبینی کردن، پرێمەرلیگ وەڵامی یانەکە بە ئەرێنی یان نەرێنی دەداتەوە، ئەگەر پێویستی بە بەڵگەی زیاتر بوو، ئەوا داوای لێدەکات، بۆ نموونە نەبوونی کێشەی ڤیزا و گواستنەوە.
لە دوا رۆژی گواستنەوەی یاریزانانی ساڵی رابردوودا، نزیکەی 30 گواستنەوە لە دوا کاتژمێردا کران، ستافی پرێمەرلیگ تاوەکو تەواوی کارەکانیان تەواو نەکەن، ناگەڕێنەوە ماڵەوە.
سیستمی گواستنەوەی فیفا (TMS) چییە؟
کاتێک گواستنەوەیەکی نێودەوڵەتی دەبێت، پێویستە یانەکان لە رێگەی سیستمێکی تایبەتەوە، تەواوی بەڵگەنامە و زانیارییەکان بۆ فیفا بنێرن، تاوەکو رەزامەندی وەربگرن.
پێویستە ئەو یانەیەی بە نیازی یاریزانەکە بگوازێتەوە، تەواوی زانیارییەکان لەڕێگەی سیستمەکە ئەپلۆد بکات و یانەی فرۆشیاریش، زانیارییەکان لە رێگەی سیستمەکە پشتڕاست بکاتەوە.
ئینجا یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا داوای مۆڵەتی بۆ دەکات، کاتێک هەموو کارەکان بێ کێشە تێدەپەڕن، ئینجا یەکێتیی تۆپی پێی ئەو وڵاتەی یانەی فرۆشیاری لێییە، مۆڵەتی بێ کێشەیی دەدات.
یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا کۆپی رەزامەندییەکە بۆ پرێمەرلیگ دەنێرێت و ئینجا پەسند دەکرێت.
چۆن پڕۆسەی گواستنەوەکە بەڕێوەدەچێت؟
کاتێک یانەیەک دەیەوێت یاریزانێک تۆمار بکات، دەبێ بەڵگەنامەی تەواو هاوپێچ بکات و لە هەمووی گرنگتر، بەدەستهێنانی مۆڵەتی کارکردنە لە بەریتانیا. ئەگەر بەڵگەنامەی پێویست پێشکەش نەکرێن، بە هیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێت.
یاریزانانی دەرەوەی زۆنی یەکێتیی ئەوروپا و زۆنی ئابووری ئەوروپا، دەبێ مۆڵەتی کارکردن لە بەریتانیا وەربگرێت.
حکومەتی بەریتانیا سیستمێکی روونی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردنی تایبەت بە یاریزانانی هەیە. لێرە داواکارییەکان بزانە.
ئەگەر یاریزانێک پابەندی پێوەرەکان نەبێت، یانە دەتوانێت داوای تایبەت پێشکەش بە پرێمەرلیگ بکات، تاوەکو کەیسێکی تایبەتی بۆ دروست بکەن و مۆڵەت وەربگرێت.
ئایا فاکس لە گواستنەوەکاندا بەکاردەهێندرێت؟
یانەکان کۆمەڵێک بژاردەیان لەبەردەستە تاوەکو بەڵگەکان بۆ پرێمەرلیگ بنێرن. ئەمەش یارمەتی یانەکان دەدات، تاوەکو بە خێرایی کارەکانیان رایی بکەن.
چیدیکە کار بە ئامێرەکانی فاکس ناکرێت و یانەکان دەتوانن فاکسی دێسکتۆپ و بەڵگەنامەی سکانکراو بە ئیمەیڵ بۆ پرێمەرلیگ بنێرن.
ئەگەر کێشەیەک لە ناردن و گەیشتنی بەڵگەنامەکان بەر لە داخستنی بازاڕی گواستنەوەکان دروست بێت، ئەوا بۆردی پرێمەرلیگ دەسەڵاتی بڕیاردانی کۆتایی هەیە و دەتوانێت کاتەکە درێژ بکاتەوە، بەڵام ئەمەش بە کۆمەڵەک بابەتەوە پەیوەستە.
سنووردارییەکان بەردەم گواستنەوەی یاریزانانی پرێمەرلیگ و ژمارەی رێگە پێدراو
بە گواستنەوەکانی خواستنی نێوان یانەکانی پرێمەرلیگ و یانەکانی دیکەی سکۆتلاند و ویڵز دەگوترێت، گواستنەوەی کاتی.
بە گوێرەی رێساکانی پرێمەرلیگ، سنوورێک بۆ ژمارەی یاریزانان داندراوە کە لە نێوان یانەکانی پرێمەرلیگ بگوازرێنەوە.
- یانەکانی پرێمەرلیگ ناتوانن لە یەک کاتدا دوو یاریزان بە خواستن بگوازنەوە.
- یانەکانی پرێمەرلیگ دەتوانن تەنیا چوار یاریزان بە خواستن بگوازنەوە و لەژێر هیچ کات و ساتێکی دیکەدا، زیاد ناکرێن.
- ئەگەر یاریزانێک بە خواستن پەیوەندی بە یانەیەکەوە کرد، ئەوا ناتوانێت لە هەمان بازاڕی گواستنەوەدا، بە خواستن بچێتە یانەیەکی دیکە.
- یانەکانی پرێمەرلیگ ناتوانن زیاتر لە یەک گۆڵپارێز بە خواستن بدەنە یانەیەکی دیکە.