یاریگا –
چێڵسی لە چەند رۆژی داهاتوودا، سپۆنسەری رووی پێشەوەی درێسەکانی بۆ وەرزی 2023/2024 ئاشکرا دەکات.
لە دوای دەستپێکردنی وەرزی نوێ، رووی پێشەوەی درێسەکانی چێڵسی بە بەتاڵی دەردەکەون و لۆگۆی هیچ کۆمپانیاییەکی لەسەر نییە، بەڵام پێدەچێت یانە لەندەنییەکە، لەگەڵ کۆمپانیا ئینفینیت ئاتلێتیک گەیشتبێتە رێککەوتن و بۆ ماوەی یەک وەرز، بڕی 50.8 ملیۆن دۆلار وەربگرێت، ئەمەش لە راپۆرتێکی وردی رۆژنامەی تێلێگرافدا هاتووە.
ماوەیەکە کۆمپانیا گەورەکەی بواری تەکنۆلۆجیا، گفتوگۆی سپۆنسەری کردنی رووی پێشەوەی درێسەکانی لەگەڵ چێڵسی دەستپێکردووە و تەنیا پڕۆسەکە پەیوەستە بە کاتەوە.
لە سێ وەرزی رابردوودا، کۆمپانیای 3، سپۆنسەری سەرەکی درێسەکانی چێڵسی بوو، هەرچەندە لە دوو یاری رابردووی بلووز لە پرێمەرلیگ، خەڵکێکی زۆر بە دیزاینەکە سەرسام بوون و پێیان وایە، درێسی چێڵسی بەبێ لۆگۆی سپۆنسەر، واتا و جوانییەکەی گەورەی هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا پارە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم جۆرە بابەتانە دەدات.
سبەی چێڵسی لە ستامفۆرد بریج، لە سێیەم گەڕی پرێمەرلیگدا، میوانداری لوتن تاون دەکات.