ئیسپانیا

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە

یاریگا –

لویس روبیالێس، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، بەهۆی رووداوەکەی ئاهەنگی بەخشینی میدالیاکانی مۆندیالی ئافرەتانەوە، مەترسی دوورخستنەوەی پۆستەکەی لەسەرە.

بەریەککەوتنە چاوەڕواننەکراوەکەی روبیالێس لەگەڵ جێنی هێرمۆسۆ، ئەستێرەی تیپی ئافرەتانی ئیسپانیا، لە کاتی بەخشینی میدالیای پاڵەوانێتییەکەدا، وایکردووە چینی سیاسی ئیسپانیا داوای دوورخستنەوە، دەستلەکارکێشانەوە یان ماڵئاوایی سادەی سەرۆکی فیدراسیۆنەکە بکەن.

لویس روبیالێس بەنیازی ئەوە نییە خۆبەخشانە ماڵئاوایی لەپۆستەکەی بکات و بیرۆکەکەی ئەوەیە کە رۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت، روونکردنەوە تەواو بخاتەڕوو.

سەرەتا دوای کاردانەوە نەرێنییەکانی، روبیالیس رەخنەگرانی بە گەمژە ناوبرد، بەڵام دواتر ناچار بوو داوای لێبوردنێکی فەرمی بکات. چەندین وەزیری ئافرەت و چالاکوانی مافی یەکسان لە ئیسپانیا ئەم داوای لێبوردنە بە بەس نازانن و پلانیان هەیە سکاڵایەکی فەرمی لە دژی تۆمار بکەن. هەروەها تاوەکوو ئێستا سێ سکاڵا لەسەری تۆمار کراوە.

بێگومان دوورخستنەوەی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ لە پۆستەکەی ئەوەندە سادە نییە. لەم رۆژانەدا حکومەت لە رێگەی ئەنجومەنی باڵای وەرزشەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا دۆسیەکە دەگوازرێتەوە بۆ دادگای کارگێڕی وەرزشی (CAS) یان نا. تەنانەت پێدرۆ سانچێزی سەرۆک وەزیرانیش هاتە ناو بابەتەکەوە و ئەویش بە روونی ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە روبیالێس دووربخرێتەوە.

ئەگەر لە کۆتاییدا دۆسیەکە بگوازرێتەوە (CAS)، دەستەی کارگێڕی CSD دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتی سەرۆکی ئێستا رابگرێت، دۆخێک کە ئەنجێل ماریا ڤیلار (سەرۆکی ئەوکات)یش پێنج ساڵ لەمەوبەر تووشی بوو بەهۆی بڵاوکردنەوەی تویتێکی لە ناوەڕاستی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا.

لە راستیدا روبیالێس دەرفەتی ئەوەی هەیە رۆژی هەینی بەرگری لە خۆی بکات، ئەگەر روونکردنەوەکانی بە شێوەی پێویست نەبن، لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button