راپۆرتی تایبەتڤیدیۆ هەواڵگرنگترین

کێ باشترین جێبەجێکاری لێدانی راستەوخۆیە؟ مێسی یان رۆناڵدۆ؟

یاریگا –

دوا گۆڵی لیۆنێل مێسی لە ئینتەر مەیامی بەرامبەر یانەی داڵاس، جارێکی دیکە، ریزبەندی باشترین گۆڵکاران لە لێدانی راستەوخۆی هێنایە ئاراوە.

لیۆ مێسی یەکێکە لە باشترین ئەو یاریزانانەی لێدانی راستەوخۆ ئاراستە دەکەن، بەڵام لەم بابەتەدا تۆڕی وەرزشی یاریگا ریزبەندی باشترینەکانتان بۆ دەخاتەڕوو.

لە چەند ساڵی رابردوودا، هەوادارانی وەرزشی شایەتی چەندین لێدانی راستەوخۆی سەرسووڕهێنەر بوون، هەمووی وەک یادگاری لە یادگەکاندا ماون. لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، جۆنینیۆ، پێرلۆ و چەندانی دیکە بگرە تاوەکو دەگەیتە مێسی. لەم بابەتەدا باشترینەکان بناسە.

10. کریستیانۆ رۆناڵدۆ – 60

ئەوکاتە رۆناڵدۆ لە لووتکەی ئاستیدابوو، یەکێک بوو لە باشترین جێبەجێکارانی لێدانە راستەوخۆکان، چەندین گۆڵی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، ریال مەدرید و هەڵبژاردەی پۆرتوگال کردووە.

شێوازی رۆناڵدۆ زۆر سادە بوو، خۆ ئامادەکردنێکی ئارام و ئاراستەکردنی تۆپەکە بە هێزێکی زۆرەوە.

رۆناڵدۆ تا ئەم دواییەش چەندین گۆڵی جوانی بە لێدانی راستەوخۆ کرد، بە تایبەت لە یاری نێوان نەسر و ئەبها لە خولی سعودی و گۆڵە جوانەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی لیشتێنشتاین لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024.

9. رۆدریگۆ سێنی – 61

سێنی یەکێکە لە باشترین گۆڵکارانی بەرازیل، هەرچەندە گۆڵپارێز بوو! رۆدریگۆ باشترین گۆڵکاری گۆڵپارێزە و دەیان ریکۆردی شکاندووە.

رۆدریگۆ لە ژیانی وەرزشیدا 131 گۆڵی کردووە و نزیکەی نیوەی گۆڵەکانی بە لێدانی راستەوخۆ کردووە.

8. زیکۆ – 62

هەرچەندە زیکۆ زیاتر لە 100 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کردووە، بەڵام بە فەرمی تەنیا 62 گۆڵ ناسێندراون.

تەکنیکی زیکۆ بریتیی بوو لە خۆ ئامادەکردنی خێرا و ئاراستە کردنی تۆپ بە هێمنی بۆ لایەکی گۆڵ.

7. دیێگۆ مارادۆنا – 62

ئاهەنگگێڕانە سەرشێتانەکانی مارادۆنا هەرگیز لە یادی هەوادارانی وەرزشی دەرناچن، دیێگۆ یەکێکە لە باشترین یاریزانانی مێژووی یارییەکە، ئەگەر باشترینیش نەبێ.

دیێگۆ بە هەموو شێوازێک دەیتوانی گۆڵ بکات، جیا لەمەش لە ئاراستەکردنی تۆپ بە لێدانی راستەوخۆ زۆر ژیر بوو.

6. لیۆنێل مێسی – 64

مێسی یەکێکە لەو یاریزانانەی بەردەوام لە لێدانی راستەوخۆدا، مەترسی بۆ سەر گۆڵی یانەی بەرامبەر دروست دەکات.

مێسی بە تەکنیکێکی پڕ لە داهێنان و هێمن، تۆپ ئاراستەی سووچێکی گۆڵ دەکات. ئێستا یەکێکە لە باشترین جێبەجێکارانی لێدانی راستەوخۆ.

5. دەیڤد بێکهام – 65

کە باسی لێدانی راستەوخۆ دەکرێت، ناکرێ هزرت بۆ بێکهام نەچێت. کاپتنی پێشووی ئینگلتەرا یەکێکە لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێ کە لێدانی راستەوخۆ جێبەچێ دەکات.

قسەیەک هەیە دەڵێت ‘وەک بێکهام خۆت بچەمێنەوە’، چونکە وەستان و جێبەجێکردنی لێدانەکان، براندێکی تایبەتی بە خۆی هەیە و گۆڵی زۆر سەرنجڕاکێشی کردووە.

4. ڤیکتۆر لێگرۆتایێ – 66

لێگرۆتایێ رەنگە بەراورد بە یاریزانانی دیکەی نێو ئەم ریزبەندییە زۆر بەناوبانگ نەبێت، بەڵام کاتێک باسی لێدانی راستەوخۆ دەکرێت، ئەم ئەفسانە ئەرجەنتینییە بە توندی دێتە نێو باسەکان.

لێگرۆتایێ تەواوی کاروانی وەرزشییەکەی لە ئەرجەنتین بەسەر برد و دەیان گۆڵی سەرنجڕاکێشی کردووە. هەرچەندە یانەکانی ئینتەر میلان، یوڤێنتوس و ریال مەدرید ئۆفەریان پێشکەشکرد، بەڵام لێگرۆتایێ هەر لە خولی ئەرجەنتینیدا مایوە.

3. رۆناڵدینیۆ – 66

رۆناڵدینیۆ، ناوێکە بەردەوامە لەگەڵ بۆنە گەورەکان ناوی دەهێندرێت، چونکە یاریزانێکە توانای رادەبەدەری لە شوێنە جیاوازەکانی یاریگادا هەبوو.

لە لێدانی راستەوخۆشدا، بەردەوام بیرۆکەی جیاوازی هەبوو، سەرنجی هەمووانی رادەکێشا، بۆیە یەکێکە لە باشترین جێبەجێکارانی لێدانی راستەوخۆ.

2. پێلێ – 70

لای زۆربەی هەوادارانی وەرزشی، پێلێ باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە، چونکە خاوەنی سێ نازناوی مۆندیالە و زیاتر لە 1000 گۆڵیشی کردووە.

پێلێ جیا لەوەی یەکێکە لە باشترینەکان، یەکێک بووە لەوانەی زۆر بە جوانی لێدانی راستەوخۆ جێبەجێ دەکەن.

  1. جۆنینیۆ – 77

کاتێک دێتە سەر لێدانی راستەوخۆ، پێرنامبوکانۆ بێ رکابەر لە ریزبەندی یەکەمدا دێت. ئەگەر ناکۆکی قووڵ لە نێو هەوادارانی وەرزشیدا هەبێت، بەڵام کاتێک دێتە سەر باسی جۆنینیۆ، هەمووان کۆک دەبن.

جۆنینیۆ بەشێکی زۆری کاروانی وەرزشی لەگەڵ ئۆڵێمپیک لیۆن بەسەر برد و توانی سەرکردایەتییان بکات، بۆ بردنەوەی حەوت نازناوی لیگ وەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button