ئیسپانیا

ئیسکۆ لە چاوپێکەوتنێکی نوێ چەندین نهێنی ئاشکرادەکات

یاریگا –

ئیسکۆ ئالارکۆن ئەستێرە و ناوەڕاست کاری پێشووی یانەی ریال مەدرید، تاوەکوو ئێستا بێ یانەیە و دەیەوێت جارێکی تر لە تۆپی پێدا بدرەوشێتەوە و پێی وایە ئاستی دانەبەزیوە.

لە نوێترین چاوپیکەوتنیدا ئیسکۆ لەگەڵ رۆژنامەی مارکا چەندین نهینی ئاشکرا کرد.

ئیسکۆ، سەرەڕای ئەوەی کاتێکی نایابی لەم تیپەدا بەسەربرد، بەڵام جیابوونەوەیەکی ئەوەندە خۆشی نەبوو لەگەڵ یانە شاهانەکە.

لە بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنە وردەکەی لەگەڵ مارکا، باسی رۆیشتنی خۆی لە یانەی سێڤییا کرد، لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەشدا لەگەڵ ئەم بڵاوکراوە ئیسپانییە، باسی ناکۆکییەکانی لەگەڵ سانتیاگۆ سۆلاری، راهێنەری ئەوکاتی یانەی ریال مەدرید و دابەزینی لەناکاوی کە بووە هۆی ئەوەی یانە خۆشەویستەکەی بەجێبهێڵێت.

سەردەمی هاتنی سۆلاری

کاتێک سۆلاری هاتە ریاڵ مەدرید ئیسکۆ بوونی نەما. چیتر هەستم بە هیچ پشتیوانییەک نەدەکرد. سۆلاری منی نارد بۆ کورسی یەدەگ تا لەوێوە سەیری یارییەکان بکەم. کەس لە یانەکەشەوە پشتیوانی لێنەکردم و کاتێک ئاوڕم لە دواوە داوە تێگەیشتم کە دەبوو بڕۆم. بەڵام جێهێشتنی ریال مەدرید زۆر قورس بوو.

هۆکاری ناکۆکی لەگەڵ سۆلاری

بەڕاستی نازانم لە نێوانماندا چی روویدا. دوای یەکێک لەو یارییانەی کە بەبێ روونکردنەوە منی نارد بۆ کورسی یەدەگ، تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی گوتم کە من راهێنانێکی باش دەکەم و متمانەی ئەوم بەدەستهێناوە. بەڵام یاری داهاتوو دووبارە منی لە یەدەگ دانایەوە! بەڕاستی نازانم مەبەستی چی بووە و ئایا گاڵتەی پێدەکردم؟

لەلایان بارسێلۆناوە ئۆفەرم پێگەیشت

ئەگەری ئەوە هەبوو لە ساڵی 2018 پەیوەندی بە تیپێکی رکابەرەوە بکەم. بەڵێ من مەبەستم بارسێلۆنایە. بارتۆمیۆ تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای لێم کرد بچمە بارسێلۆنا، بەڵام من دڵخۆش بووم لە ریال مەدرید. ریال تیپی خەونەکانم بوو و ئامادە نەبووم بیگۆڕمەوە بە هەموو ئاڵتوونەکانی جیهان. مەدرید شارێکی نایاب و خۆشە بۆ ژیان تێیدا و دەمزانی لە هیچ شوێنێکی تر بەم شێوەیە دڵخۆش نەدەبووم.

بابەتی ئاڵۆزی جێهێشتنی یانە دڵخوازەکەم

لە دوو یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگدا یاریم کرد، یاری کۆتایی جامی یەکێتی ئینگلتەرا و جامی سوپەر و توانیم لە هەموو ساتە گرنگەکانی گەورەترین تیپی مێژوودا تاوەکوو ساڵی 2018 ئامادە بم. جێهێشتنی مەدرید هەمیشە ئاڵۆزترین شتە لە جیهاندا. زۆرێک لە یاریزانان ئەم هەستەیان تاقی کردۆتەوە.

کاتێک چیرۆکی ئیسکۆ لە ریال تەواو بوو!

زێدان لە کۆتایی وەرزدا هات و بەڕاستی لەو کاتەدا هەستم بە باشی نەدەکرد. بەهۆی ئەوەی روویدابوو، باری دەروونیم باش نەبوو. دوای مۆندیال، لە رووی دەروونی و جەستەییەوە لاواز بووم. وەرزی داهاتووم بەبێ یاریکردن دەست پێکرد، بەڵام وردە وردە شتەکان باشتر بوون و لە یارییە گرنگەکانی وەک پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ، بارسێلۆنا لە نۆکامپ، جامی سوپەر لە سعودیە، مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ گۆڵم تۆمارکرد.

جارێکی تر خەریک بوو دەگەڕامەوە ئاستی پێشووترم بەڵام پەتای کۆڤید هات. ساڵی دواتر چیرۆکی من لە ریاڵ مەدرید کۆتایی هات. دوو سێ یاریم بە ئامادەبوونی کارلۆ ئەنچێلۆتی ئەنجامدا و تەواو بوو. ئەو راستگۆ بوو لەگەڵم و منیش راستییەکانم قبوڵم کرد.

دەمەوێت جارێکی تر بدرەوشێمەوە

هێشتا پاڵنەرم هەیە و ئارەزووی زۆرم هەیە بۆ یاری تۆپی پێ. هێشتا گەنجم و دەمەوێت راهێنان بکەم و یاری بکەم و گۆڵ تۆمار بکەم و یارمەتی تیپەکەم بدەم و رکابەری بکەم و کاتێکی خۆش بەسەر بەرم. تا ئێستا هیچ پێکانێکی گەورەم نەبووە و تەنها جارێک پێکانێکی بچووکی پاژنەی پێم هەبووە و تەواو، من توانایی خۆم لە دەست نەداوە.

جیاوازی پێکان و مانەوە لە ماڵەوە چییە!

جیاوازی لەگەڵ پێکان ئەوەیە کە کاتێک پێکانت هەیە دەتوانیت بچیتە ژووری خۆگۆڕین و هاوڕێکانی تیپەکەت ببینیت، بەڵام لێرەدا تۆ بەتەنهایت لە ماڵەوە و بەتەنها مەشق دەکەیت و هیچ هۆکارێکت نییە بۆ ئەوەی دڵخۆش بیت. بەڵام هیوادارم بەم زووانە ئەم دۆخە کۆتایی پێبێت. من دەمەوێت بڕیارێکی باش بدەم چونکە مافی هەڵەکردنم نییە. نامەوێت هەنگاوێکی تری هەڵە لە تۆپی پێی پیشەگەرانەدا بنێم. باوەڕم بەخۆم هەیە چونکە یاریزانێکی ئازام.

بابەتی زیاتر

Back to top button