ئینگلتەرا

رایان گیگز ـیش بێ تاوان دەرچوو

ئەمڕۆ رایان گیگز بە بێ تاوان لە قەڵەمدرا لە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی لەلایەن خۆشەویستەکەی پێشووییەوە ئاڕاستەی کرابوو.

پارساڵ رایان گیگز دەستگیرکرا و دواتریش لە پۆستی راهێنەرایەتی وێڵز دوورخرایەوە بەهۆی سکاڵایەکی  کەیت گریڤڵی خۆشەویستی پێشووی. لە سکاڵاکەدا هاتبوو گیگز چەند جارێک لە کەیتی داوە و ئازاریداوە، هەروەها لە شەڕێکییاندا ئازاری  ئێما گریڤڵی خوشکی کەیتی داوە.

پاش نزیکەی ساڵێک لە کێشمەکێشی دادگا، سەرەنجام دادگا نەیتوانی بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە بدات و بڕیار وابوو لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا، لە سەرەتاوە دادگاییەکە دەست پێبکاتەوە ، بەڵام ئەمڕۆ لە دادگای کراونی مانچێستەر، دادوەر بڕیاریدا دادگایی دووهەم ئەنجام نەدرێت و گیگز لەسەرجەم تۆمەتەکانی ببەخشرێت بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست.

ئەستێرە مێژووییەکەی مانچێستەر یونایتد دەچێتە پاڵ هەریەک لە مەیسن گرینوود و بێنجامین مێندی لە ریزی ئەو یاریزان و کەسایەییە وەرزشییانەی لەمساڵدا بە تاوانی گەورە تۆمەتبار دەکرێن و رووبەرووی زیانێکی گەورەی پیشە و ناوبانگ و تەمەنیان دەکرێنەوە و دواتریش دەردەکەوێت بێ تاوانن.

بابەتی زیاتر

Back to top button