ئیسپانیا

بارسێلۆنا چارەنووسی ئانسو فاتی یەکلایی دەکاتەوە

یاریگا –

ئەنسۆ فاتی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا وەرزی داهاتووش بە درێسی ئەم تیپە یاریی دەکات.

دوای رۆیشتنی لیۆنێل مێسی، فاتی وەک جێگرەوەی ئەو راگەیەندرا و زۆرێک چاوەڕێی ئەوە بوون کە هاوشێوەی مێسی لە بارسێلۆنادا بدرەوشێتەوە. بەڵام شتەکان تەواو جیاوازتر بوون و چەندین پێکان وایکرد ئەم یاریزانە کاتێکی زۆر دوور لە یاریگا بەسەر ببات و دوای گەڕانەوەی بە ئاستێکی نزم دەرکەوت.

ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی ناوی ئەو بخرێتە لیستی فرۆشتنەکانی چاڤی هێرناندزی راهێنەری بارسێلۆنا. ئەم راهێنەرە کەتەلۆنییە پێشتر بە بەڕێوبەرانی بارسێلۆنای گوتبوو کە پێویستم بەم ئەستێرە ئیسپانییە نییە و باشترە بیفرۆشرێت.

ئەمە لە کاتێکدا بوو کە نوێنەرانی فاتی لەم ماوەیەدا چەندین جار جەختیان لەوە کردبووەوە کە ئەو بەنیازی جێهێشتنی بارسێلۆنا نییە و ئامادە نییە لە گواستنەوەی هاوینەدا هیچ ئۆفەرێک قبووڵ بکات.

رۆژنامەی سپۆرت رایگەیاند کە فاتی دواجار سەرکەوتوو بووە لە گەیشتن بە ئامانجەکەی.بەڕێوبەرانی بلوگرانا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەم یاریزانە ئامادە نییە ئەم یانەیە جێبهێڵێت و ئەم دۆسیەیە لانیکەم لەم هاوینەدا دادەخرێت.

ئەم بڕیارە لەکاتێک درا کە بارسێلۆنا ئۆفەری فرۆشتنی پێگەیشتبوو، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی دارایی ئەم یانەیە و زیادکردنی بودجەی گواستنەوەکان، بەڵام لە کۆتاییدا ناچاربوون ئەو ئۆفەرانە رەتبکەنەوە و بۆ ماوەی وەرزێکی ترت لەگەڵ ئەم یاریزانە بەردەوام بن.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button