ئیسپانیاگرنگترین

“بەیانیان وەک پاشا نان دەخۆم و ئێوارانیش وەک سواڵکەرێک”

یاریگا –

خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، باسی دۆخی تەندرووستی خۆی دەکات و دەڵێت کێشم زیادی کردووە.

سەرۆکەکەی بارسا ئەمڕۆ چەند پرسێکی گرنگی وروژاند، لە دەستپێکی لێدوانەکانی باسی هۆکاری نە گەڕانەوەی مێسی کرد، خودی یاریزانەکەی تاوانبار کرد بە چوونی بۆ ئینتەر میانی.

جیا لە پرسی یانەکە باسی ژیانی تایبەتی خۆیشی کرد و لە بارەی زیادبوونی کێشی گوتی:

دەزانم کێشم زیادی کردووە، دەستم بە دایت کردووە، بەیانیان وەک پاشا نان دەخۆم و ئێوارانیش وەک سواڵکەرێک، دوو ساڵ لەمەوبەر سەردانی پزیشکم کرد، دۆخی تەندرووستیم باشە، بەڵام حەز بە پشکنینی پزیشکی ناکەم.

لاپۆرتا لە درێژەی قسەکانی لە ژیانی تایبەتی دوورکەوتەوە و بەمشێوەیە باسی لە تێچووی کامپ نو کرد:

نۆژەنکردنەوەی کامپ نو لەو بڕە پارەیە کەمتری تێدەچێت کە پێشبینیمان کردبوو، سەرەتا وا دانرابوو بڕی 1.1 ملیار یۆرۆ خەرج بکەین، بەڵام خۆشبەختانە تێچووی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە لە 960 بۆ 930 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

لاپۆرتا لە بارەی دۆخی یانەکە گوتی:

کاتێک گەڕامەوە دۆخی بارسا ناجێگیر بوو، بەڵام یانەکەمان لە مایە پوچبوون رزگارکرد، لە رووی دارایی و وەرزشیشەوە بەرەو پێش چووین، یانەکە لە دۆخێکی ناسکدایە بۆیە دەبێت بازاڕەکانی دیکەش لە بەرچاو بگرین، بۆ ئەو مەبەستەش چاوم بە چەند قەتەرییەک کەوت.

لە بارەی داهاتووی یاریزانان و راهێنەری تیپەکەی بەمشێوەیە دوا:

لەگەڵ تۆتنهام دەگەیەنە رێککەوتن بۆ لێنگلێت

دەمەوێت فاتی لە بارسا بمێنێتەوە و متمانەی چاڤی بەدەستبهێنێت.

هیچ ئۆفەرێکی فەرمی سعودییەکانمان بۆ نەهاتووە بۆ گواستنەوەی کیسێ، ئەگەر بیەوێت بڕوات رێز لە بڕیارەکەی دەگرین، بەڵام هەبوونی پێویستە بۆ پێکهاتەکەمان.

پڕکردنەوەی شوێنی بۆسکێتس ئاسان نییە، چاڤی خۆی دەزانێت نرخی یاریزان زۆر گرانە، بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی پێویستە سوود لە لاماسیا وەگرین، مارک کاسادۆ و پاو پریم و جیرارد هێرناندێز و مارک بێرناڵمان هەیە.

چاڤی هیچ کیشەیەکی نییە لەگەڵمان، دڵخۆشە و لە بارسا دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی قسەکانی لە بارەی بەڕێوبەری وەرزشی یانەکە گوتی:

ماتیۆ ئالمانی بڕیاریدا لە یانەکە بڕوات، بەڵام زۆر دڵخۆشبووین کە لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button