ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

شێخ جاسم بن حەمەد کێیە؟ زۆر جگەرە دەکێشێت؟ کێ پاڵپشتی دەکات؟ تەواوی وردەکارییەکان بزانە

یاریگا –

کارسازە گەورەکەی قەتەر کە خۆی لە راداری میدیاکان و خەڵک شاردووەتەوە و دەیەوێت مانچێستەر یونایتد بکڕێت.

شێخ جاسم بن حەمەد ئالسانی، مێگا ملیاردێرەکەی قەتەر ماوەیەکە هەوڵی کڕینی مانچێستەر یونایتد دەدات، شێخ جاسم وەک بزنسمانێک خۆی ناساندووە و زانیاری زۆر کەمی لەسەر بڵاوبووەتەوە. میدیای ئاتلێتیک بنکۆڵکارییەکی قوڵی بۆ رەگەکانی شێخ جاسم کردووە و تۆڕی وەرزشی یاریگا بە تێکەڵ کردنی لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی دیکە، تەواوی زانیارییەکان لەسەر شێخە قەتەرییەکە و حەزە فراوانخوازییەکانی بڵاودەکاتەوە.

شێخ جاسم، کوڕی سەرۆکوەزیرانی پێشووی قەتەرە، بە گوێرەی زانیارییەکان، پاڵپشتی حکومەتی قەتەری هەیە، بۆ کڕینی یانە ئینگلیزییەکە. قەتەر بڕی 5.5 ملیار پاوەندی خستووەتە بەردەستی شێخ جاسم. خاوەنی بانکی ئەهلی قەتەری لە هەمان کاتدا ئەندامی بۆردی کرێدیت سویسە، کە گروپێکی بانکی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە و ساڵی رابردوو 1.5 ملیۆن پاوەندی قازانج کردووە.

ئەکادیمیای ساندهێرست
ئەکادیمیای ساندهێرست. لەندەن، بەریتانیا

دەرچووی قوتابخانەی سەربازییە

شێخ جاسم لە ساڵی 1997 چووەتە ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرستی سەربازی و لە تەمەنی 16 ساڵیدا بڕوانامەی ئەکادیمیاکەی بەدەستهێناوە.

کوڕەکەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی قەتەر، یەکێکە لە بچووکترین دەرچووانی ئەکادیمیای ساندهێرست، چونکە بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێ خوێندکاران لە تەمەنی 18 ساڵیدا دەربچن یاخود، ئەوانەی لە تەمەنی 18 ساڵییەوە پەیوەندی بەو ئەکادیمیایە دەکەن، ئەوا لە تەمەنی 21 ساڵیدا دەردەچن.

لە تەمەنی گەنجیدا لەگەڵ تەمیم بن حەمەد، میری ئێستای قەتەر، کۆرسێکی تایبەتی داراییان لەکۆمپانیای ئینکەرمان خوێندووە.

وینستن چێرچڵ، شازادا ویلیام، شازادا هاری و موعەمەر قەزافی دەرچووی ئەکادیمیای ساندهێرستن.

ئۆڵدترافۆرد
یاریگای ئۆڵدترافۆرد، مانچێستەر

گفتوگۆکانی کڕینی مانچێستەر یونایتد

راپۆرتە بنکۆڵکارییەکەی ئاتلێتیک چەندین وردەکاری ئاشکرا کردووە. شێخ جاسم لە ساڵی 2010 بەشداری گفتوگۆکانی کڕینی مانچێستەر یونایتدی کردبوو. بەڵام ئەوکات شکستیان هێنا.

شێخ جاسم لە دۆحە، پایتەختی قەتەر. بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی خێزانی شاهانە کرد، ئەو کات بە وردەکارییەوە باس لە کڕینی مان یونایتد کرا و شێخ جاسم زۆر بە پەرۆش بوو بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە.

جگەرە
میرێکی کەنداو سیگاری کوبی دەکێشێت

جگەرەکێشان و کاریزمایەکی تایبەت لە کۆبوونەوەکاندا

شێخ جاسم بە جگەرەکێش ناسراوە و لە کاتی کۆبوونەوەکاندا، بەردەوام جگەرە دەکێشێت. هەرچەندە کحول لە شوێنە گشتییەکانی قەتەر قەدەخەیە، بەڵام هیچ یاسایەک بۆ قەدەخەکردنی جگەرەکێشان نییە.

لە زۆربەی کۆبوونەوەکاندا، شێخ جاسم وا خۆی پیشان دەدات، کە بابەتەکانی کۆبوونەوەی بەلاوە گرنگ نییە، بەڵام بە قووڵی دەچێتە نێو بابەتەکان و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.

مانچێستەر یونایتد
مانچێستەر یونایتد لە کاتی بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ لە ساڵی 2008

حەزی لە شتی جوانە

شێخ جاسم ژیانێکی تایبەت و نهێنی پارێزی هەیە، پێچەوانەی سێر جیم راتکلیف، سەرۆکی کۆمپانیاکانی ئینیۆس، کە رکابەری لەسەر کڕینی مانچێستەر یونایتد دەکات. لە راپۆرتەکەی ئاتلێتیک هاتووە، شێخ حەزی لە کڕینی شتی جوانە، هەربۆیە دەیەوێت یانەکە بکڕێت، چونکە پێی وایە دەبێتە خاوەنی کارەکتەرێکی زۆر گەورەتر.

قەتەرییەکان وەبەرهێنانی زۆریان لە بەریتانیا کردووە، بۆ نموونە چەندین ئەپارتمێنتی هاردۆسیان کڕیوە، جیا لە چەندین باڵەخانەی گەورە شراد. قەتەرییەکان پەلیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش راکێشاوە و باڵەخانەی ئیمپایەر ستەیتیان کڕیوە.

کڕینی یانەیەکی وەک مانچێستەر یونایتد، رێگەی قەتەرییەکان لە بازاڕی بەریتانیا فراوانتر دەکات.

جیم راتکلیف
سێر جیم راتکلیف، سەرۆکی گروپی کۆمپانیاکانی INEOS

سەردانی ئۆڵدترافۆردی نەکردووە

لە مانگی ئاداری رابردوودا، سێر راتکڵیف خۆی سەرۆکایەتی شاندێکی گروپی کۆمپانیاکانی ئینیۆسی بۆ ئۆڵدترافۆرد کرد، بەڵام شێخ جاسم نوێنەرانی خۆی بۆ بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی کڕینی یانەکە کرد.

ناسر خلێفی
ناسر خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان

رۆڵی شاراوەی ناسر خلێفی

راپۆرتەکەی ئاتلێتیک دەریخستووە، شێخ جاسم هیچ رۆڵێکی راستەوخۆی لە گفتوگۆکان لەگەڵ خێزانی گلەیزەر و گروپی رەینی نەگێڕاوە، ئەو گروپەی سەرپەرشتی پڕۆسەی فرۆشتنی یانەکە دەکات. بەڵام لە جیاتی ئەو، ناسر خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان رۆڵێکی بەرچاو لە پڕۆسەکە دەگێڕێت.

تێوەگلانی خلێفی لە پڕۆسەی کڕینی مانچێستەر، ئەو قسانە رەتدەکاتەوە، گوایە شێخ جاسم سەربەخۆ هەوڵی کڕینی یانەکە دەدات و هیچ پەیوەندی بە دەوڵەتی قەتەرەوە نییە. چونکە خلێفی سەرۆکی کۆمپانیای قەتەرە بۆ وەبەرهێنانی وەرزشی، کە سندووقێکی حکومییە و پاڵپشتی لە وەرزشی قەتەر دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button