فه‌ره‌نساگرنگترین

کیلیان ئێمباپێ بەیاننامەیەکی توند بڵاودەکاتەوە

یاریگا –

چەند رۆژێکە لە فەرەنسا خۆپێشاندان و ئاڵۆزی لە چەند شارێک بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای کوژرانی گەنجێک بە دەستی هێزەکانی ئەمنی فەرەنسییەوە.

نائیل مەرزووقی، تەمەن 17 ساڵان کە بە رەچەڵەک خەڵکی جەزائیر-مەغریبە لە ناوچەیەکی پاریس بە گوللەی پۆلیس کوژرا، ئەمەش خۆپێشاندان و ئاڵۆزی گەورەی لە شارەکانی مارسیلیا، لیۆن، تولوز و لیل بەدوای خۆیدا هێنا.

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان و فەرەنسا کە ئێستا چاوی هەموو میدیاکانی لەسەرە، بەیاننامەیەکی لەبارەی رووداوەکان بڵاوکردەوە.

کیلیان ئێمباپێ لە بەیاننامەکەدا دەڵێت

وەک هەموو فەرەنسییەک بە کوژرانی هۆڤانەی نائیل شۆک بووین، هزرمان لای خێزانەکەیەتی و سەرەخۆشیان لێ دەکەم، شتێکی روونە ناتوانین خۆمان لە رووداوی لەم جۆرە بەدوور بگرین، چونکە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵ کردن نییە. لە دوای رووداوەکە، تووڕەییەکی زۆری گەل دەبینین و لە ناخەکەیان تێدەگەین، بەڵام نابێ بە تەواوی پاڵپشتی لێ بکەین.

ئێمباپێ دەنگی دەخاتە پاڵ دەنگی چینی کرێکاران

تووڕەییەکە بە زۆری لە لایەن ناوچە هەژارنشین و کرێکارانەوەیە. هاوخەمیانم. بەڵام ئاڵۆزی هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، چونکە چەندین شوێن وێران کراون و ئەمە کاریگەری لەسەر ناوچەکانیان، شارەکانیان دەبێت. نابێ لەم دۆخە هەستیارەدا بێ دەنگ بین. دەبێ هەمووان بەیەکەوە کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی بکەین و بەیەکەوە بژین، چونکە ئێستا ئەمە لە مەترسیدایە و بەرپرسیارەتی ئێمەیە بیپارێزین.

ئەستێرەکەی پاریس سانچێرمان باس لە رێگەچارەسەرییەکان دەکات

چەندین رێگەی دیکە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکان هەن، رێگەی دیکە هەن بۆ ئەوەی گوزارشت لە رای خۆتان بکەن. دەبێ تەواوی وزەی خۆمان لەسەر ئەم چارەسەرییانە دابنێین. پێویستە سەردەمی ئاڵۆزییەکان کۆتایی پێبهێنین و رێگە بۆ سەردەمی گفتوگۆ و بونیادنانەوە خۆش بکەین.

کامێراکانی سەر شەقامەکان، ساتی کوژرانی نائیلیان دۆکیومێنت کردووە، چەندین سکاڵا لە دژی پۆلیسی فەرەنسا بەرزکراونەتەوە، بە بیانووی بەکارهێنانی هێز و جیاکاری نەتەوە و نەژادی لە دژی خەڵکی دیاریکراودا.

بابەتی زیاتر

Back to top button