جیهانسعودیەگرنگترین

بە فەرمی سعودیە میوانداری جامی جیهانی یانەکانی 2023 دەکات

یاریگا –

ئەمڕۆ دووشەممە بە فەرمی یەکێتی تۆپی پێی سعودیە و فیفا رایانگەیاند، کە شاری جدە لە کۆتایی ساڵی 2023 میوانداری جامی جیهانی یانەکان دەکات.

ئەمەش دوای سەردانێکی فەرمی شاندێکی بەرپرسانی فیفا دێت بۆ شاری جدە لە هەفتەی رابردوودا، بۆ پێداچوونەوە بە ئامادەکارییەکانی سعودیە بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە، کە بڕیارە لە 12-22ی کانوونی دووەمی 2023 بەڕێوەبچێت.

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی سعودیە، یاسر ئەلمیشال، ئامادەیی شاری جدەی بۆ رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە دووپاتکردەوە، بەڵێنی دابینکردنی کەشێکی بێ وێنەی بۆ یاریزانان و هاندەران داوە، بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک ئاسانکاری کە رەنگدانەوەی ئەو پێگەیە بێت، کە شانشینەکەییان پێی گەیشتووە بۆ میوانداریکردنی رووداوە وەرزشییە جیهانییەکان.

ئەلمیشال لەو بارەیەوە دەڵێت “میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەک بە قەبارەی جامی جیهانی یانەکان دەرفەتێکی مەزنە بۆ پەرەپێدانی وەرزش لە ئاستی ناوخۆییدا، هەنگاوێکی دیکەی گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان و دەبێتە دەرگایەکی دیکە بۆ بەروپێشبردنی زیاتری ئەم کەرتە”

سەردانەکەی شارەزایانی فیفا بۆ شاری جدە، پشکنینی ژێرخانی وەرزشی و یاریگاکانی پاڵێوراو بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە لەخۆگرتبوو، لەوانە شاری وەرزشی شا عەبدوڵڵا و یاریگای شازادە عەبدوڵڵا فەیسەڵ، جگە لە کۆمەڵێک شوێنی مەشق و راهێنان و شوێنی مانەوە بۆ تیپەکان.

لە ساڵانی رابردوودا شاری جدە میوانداری چالاکییە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکانی کردووە، لەوانە جامی سوپەری ئیسپانیا، جامی سوپەری ئیتاڵیا، پێشبڕکێی گەورەی فۆرمۆلا 1ی سعودیە، پاڵەوانێتی جیهانی بۆکسێنی کێشی قورس.

میوانداریکردنی ئەم پاڵەوانێتییە مێژوویەش دەبێتە دەستکەوتێکی دیکەی گەورە بۆ سعودییەکان.

بابەتی زیاتر

Back to top button