عێراقگرنگترین

شەڕ لە نێوان سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و یونس مەحمود روویدا

یاریگا –

لە رووداوێکی دەگمەندا، شەڕ لە نێوان سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و جێگرەکەی روویدا.

شەوی رابردوو، عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هێرشیکردە سەر یونس مەحمود، جێگری دووەمی سەرۆکی یەکێتییەکە. دواتر یونس لە بنکەیەکی پۆلیس لە بەغدا، سکاڵای دژی دەرجال تۆمار کرد.

سەرچاوەیەک بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، عەدنان دەرجال داوای دانیشتنێکی تایبەتی لە یونس مەحمود کرد، بە ئامادەبوونی غانم عرێبی. دانیشتنەکە بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بابەتی هەنووکەیی بووە، لە سەرووی هەموویەوە، دوورخستنەوەی یونس مەحمود بوو، لە پۆستی نوێنەرایەتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتانی کەنداو.

لە دانیشتنەکەدا زۆر بابەت باس کران و دواتر چوونە سەر بابەتە جەوهەرییەکە، یونس مەحمود داوای روونکردنەوەی لە دەرجال کردووە، بۆچی عەلی جەبار، جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی وەک نوێنەری عێراق لە یەکێیتیی کەنداو دەستنیشانکردووە و ئەوی لە پۆستەکە لاداوە. ئەم پرسە دەمەقاڵی لە نێوان هەردووکیان زیاد کرد، هەرچەندە غانم عرێبی، هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەیدا، بەڵام نەیتوانی.

سەرچاوەکە بە یاریگای راگەیاند، یونس مەحمود بە دەرجالی راگەیاند ”ئەگەر کاروباری یەکێتیی تۆپی پێ بەم جۆرە بەڕێوەدەبرێت، چەندین گرێبەستی پەیوەندیدار بە پاڵەوانیەتی جامی کەنداو هەن، تاوەکو ئێستا واژۆیان لەسەر نەکراوە”. وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی داواکە.

عەدنان دەرجال لە دوای قسەکانی یونس مەحمود نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی خۆی بکات و هێرشیکردە سەر ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، دواتر ئامادەبووانی دیکە ناوبژیی کردوون.

لە دوای جێهێشتنی شوێنی دانیشتنەکە، یونس مەحمود چووە نەخۆشخانەیەک و راپۆرتێکی پزیشکی ئامادەکرد، پاشان راپۆرتەکەی بردە بنکەیەکی پۆلیس و سکاڵای لە دژی دەرجال تۆمارکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button