ئیسپانیاگرنگترین

ئەمڕۆ تیروپشکی وەرزی نوێی لالیگا رادەکێشرێت

یاریگا –

ئەمڕۆ تیروپشکی وەرزی 2023/2024ـی لالیگا رادەکێشرێت، بڕیاریشدرا تەکنەلۆژیای نوێی ڤار بۆ ئۆفساید بەکار نەهێندرێت.

وا بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، تیروپشکی وەرزی نوێی لالیگا رابکێشرێت. بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەر 20 یانەی بەشداربوو.

وەرزی نوێی خولەکە لە بەرواری 11/8/2023 دەستپێدەکات، لە بەرواری 26/5/2024 کۆتایی دێت، کە دەستپێکی خولەکە هاوتایە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ، ئەمەش رووداوێکە لە هەموو وەرزێکدا روونادات.

یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا لە چی پەشیمانبووەوە؟

سەرەڕای هەبوونی تەکنەلۆژیای ڤار، وەرزی رابردووی خولەکە چەندین هەڵەی زەقی ناوبژیوانانی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەت لە ئۆفسایددا، ئەمەش ناڕەزایی زۆرێک لە یانە بەشداربووەکانی خولەکەی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەرپرسانی خولەکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بیریان لەوە کردەوە لە وەرزی نوێ پشت بە تەکنەلۆژیای ئۆفسایدی نیمچە خۆکار ببەستن، کە هەمان ئەو تەکنەلۆژیایەیە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەکار دەهێندرێت.

بەڵام بڕیاردرا بەکارهێنانی دوا بخرێت بۆ وەرزی 2024/2025، بەهۆی بەردەست نەبوونی کاتی پێویست و نەبوونی ئامادەکاری تەواو بۆ بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە.

هەمان تەکنەلۆژیا لە جامی جیهانی قەتەریش بە سەرکەوتووی بەکار هات.

بابەتی زیاتر

Back to top button