راپۆرتی تایبەتگرنگترین

خولی سعودی هەڕەشەیە بۆ سەر ئەوروپا؟ یاخود خولێکی پڕ-پارەیە بۆ خانەنشینان؟

یاریگا –

پارە بابەتێکی زۆر گرنگ نییە بۆ وڵاتێکی وەک سعودیە، کە دەیەوێت گۆڕانکاری سەرتاسەری لە تۆپی پێی وڵاتدا بکات و خولەکەی بکاتە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان.

کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ روونیکردەوە، لە چەند ساڵی داهاتوودا، خولی سعودی دەبێتە یەکێک لە باشترین خولەکانی جیهان.باشە کە ئەم دەبیستیت دەڵێیت; ”باشە خۆ رۆناڵدۆ هەر دەبێ وا بڵێت، سەدان ملیۆن یۆرۆ لە نەسر وەردەگرێت و ئێستا هەر لەو خولە ماوەتەوە، هەروەها بووەتە پۆستەری خولەکە و بەردەوام رێکلامی بۆ دەکات”.

هەرچەندە رۆناڵدۆ چەندین تێبینی لەسەر تۆپی پێی سعودیە هەیە، بە تایبەت ژێرخانی وەرزشی، بەڵام کریس وا بیر دەکاتەوە، لە چەند ساڵی داهاتوودا خولی سعودی گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت. لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە لە مانگی ئاداری رابردوو کرابوو، روونیکردەوە

پێم وایە دەبێ جیاواز سەیری بابەتەکان بکەیت، من ناڵێم ئەم خولە وەک پرێمەرلیگی لێدێت، چونکە ئەگەر ئەم قسە بکەم، درۆ دەکەم.

بەڵام باشە، رۆنالدۆ راست دەکات، کە دەڵێت خولی سعودی دەچێتە نێو پلەبەندی باشترینەکانی جیهان؟

بە دڵنیاییەوە پێشبینییەکان گەورەن، چونکە پارەیەکی زۆر هەیە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بێنزێما، هەڵگری چەندین خەڵاتی باڵۆن دۆرن و ئێستا لە خولی سعودی یاری دەکەن، ئەو ئۆفەرانەی پێشکەشی دەکەن، ئەستەمە یاریزانان خۆیان لێی بپارێزن.

بەڵام دە با ئەمەش بڵێین، ئایا خولی سعودی دەبێتە خولی خانەنشینانی تۆپی پێ بۆ سوپەر ستارەکان؟ ئایا خولەکە دەتوانێت سەرنجی یاریزانی لاو رابکێشێت؟

مشتەکۆڵەکەی مێسی بۆ سعودیە

لیۆنێل مێسی لە دوای پەیوەندیکردن بە ئینتەر مەیامی دووپاتیکردەوە، لەبەر هۆکاری خێزانی ئۆفەرەکەی هیلالی رەتکردەوە و هەرگیز پەیوەندی بە پارەوە نەبوو.

مێسی گەیشتبووە ئەو بڕوایەی، هاوژین و منداڵەکان دەتوانن بە ئاسانی خۆیان لەگەڵ ژیانی مەیامی رابهێنن، چونکە مەیامی پڕە لە خەڵکی ئەمریکای لاتین و جۆرێک لە سیمی هیسپانیکی تێدایە. رەتکردنەوەی یاری کردن لە سعودیە، دەکرێی بڵێین گورزێکی کوشندە بوو بۆ خولی سعودیە.

چونکە کۆکردنەوەی مێسی و رۆناڵدۆ لە خولێکدا، سەرنجی تەواوی جیهانی بۆ خۆی رادەکێشا و دەبووە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ یاریزانان و وەرزشی سعودیە. بۆیە دەکرێ بڵێین، بڕیارەکەی مێسی کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی خولەکە دەبێت.

بڕیارەکەی مێسی رەنگە زۆر وەرزشیانە نەبێت، چونکە لە دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال، ئێستا دەیەوێت چێژ لە ژیان وەربگرێت و ببێتە هۆکارێک بۆ هاندانی لاوان، رەتکردنەوەی خولی سعودیش ئەوەی دووپاتکردەوە، هەموو شتێک بە پارە چارەسەر نابێت.

باسی لایەنێکی دیکەی گرنگی خولی سعودی بکەین، ئەویش یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی سعودیەیە، چونکە یاریزانی رۆژئاوایی لە شێوازێکی زۆر جیاواز راهاتووە و رەنگە هۆکارەکانی ئاینیی ببنە رێگر لە بەردەم زۆربەی ئەستێرەکان، بەڵام ئەستێرەیەکی دیکەی موسڵمانی وەک کەریم بێنزێما، رەنگە لاری نەبێت.

من موسڵمانم و ئێرە وڵاتێکی موسڵمانە، بەردەوام حەزم دەکرد لێرە بژیم

بەربەستەکان زۆرن، بەڵام حکومەتی سعودیە لە هەوڵی لابردنی تەواوی بەربەستەکانە، بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان بەڕووی جیهاندا بکەنەوە.

خولی خانەنشینانە؟

رۆناڵدۆ، بێنزێما، ئێنگۆلۆ کانتێ، ماورۆ ئیکاردی، مارسێلۆ، سێرجیۆ رامۆس، سێرجیۆ بوسکێتس لوکا مۆدریچ، نێیمار، پیێر ئێمریک ئۆبامیانگ — ئەم ئەستێرانە لە خولەکە یاری دەکەن یاخود ناویان بە یانەکانی سعودیە بەستراوەتەوە. ئەگەر سەیری تەمەنیان بکەیت، هەموویان لە سەرووی 30 ساڵییەوەن و لووتکەی ئاستی خۆیان تێپەڕاندووە و رەنگە لە ئەوروپا بە چاوێکی دیکە سەیریان بکرێت.

ئەگەر راستگۆ بین، تۆپی پێ بە شێوەیەکی مەترسیدار لە ئەوروپا چەقی بەستووە و ئێستا خولەکانی لیگ وەن، سێریا ئەی و بۆندسلیگا بوونەتە کارگەیەک کە پرێمەرلیگ قازانجی سەرەکیان لێدەکات.

دەتوانین بڵێین پارە زەبەلاحەکانی تۆپی پێ لە ئینگلتەرا و چەند یانەیەکی دیکەی جیهان کۆکراونەتەوە، بۆیە زۆر ئەستەمە بتوانیت یاریزانێک کە لە ترۆپکی ئاستیدا بێت و ئەوروپا جێبهێڵێت.

خولی ئەمریکی دەمێکە هەوڵ لەگەڵ ئەستێرەکان دەدات و توانی چەند ئەستێرەیەک بگوازێتەوە، بەڵام نەیتوانیوە شوێنپێی بکاتەوە، بەڵام بە گواستنەوەی لیۆ مێسی ئەوا دەبێتە کەیسێکی زۆر تایبەت و بزانین دەتوانێت سەرنجی ئەستێرە لاوەکان رابکێشێت؟

ئێستا دەتوانین بڵێین، خولی ئەمریکا بە سەرکردایەتی لیۆ مێسی رکابەری خولی سعودی بە سەرکردایەتی رۆناڵدۆ دەکات. جیاوازییەکە ئەوەیە، یانەکانی سعودیە دەیانەوێت گالاکستیکۆس دروست بکەن، بەڵام تاچەند دەتوانن ئەم کارە بکەن….؟

هەرچۆنێک بێت، کاتێک زینەدین زیدان، لویس فیگۆ و رۆناڵدۆ دا لیما لە ریال مەدرید کۆکرانەوە، لە لووتکەی ئاستی خۆیاندا بوون، کەچی خولی سعودی پێناچێت ئەو توانایەی هەبێت و کەسێکی دەسەڵاتدار و زیرەکی وەکو فلۆرێنتینۆ پێرێزیان هەبێت، روونتر بڵێین، رەنگە تاوەکو ئێستا کەسێکی وایان پەیدا نەکردبێت.

پێشێلکاریی فراوانی گرێبەستەکان

ئەوەی دووپاتکراوەتەوە، ئەو ئەستێرانەی دەچنە خولی سعودی، مووچە و پارەیەکی باش وەردەگرن، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەستێرەیەکی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ گلەیی لە دواکەوتنی مووچەکەی بکات، ئەوا دەتوانین (فاتیحە) لەسەر گیانی خولی سعودی بخوێنین، دەزانن بۆ؟

رێکخراوێکی وەرزشی بە ناوی FIFPRO هەیە، 60 هەزار یاریزانی پیشەگەر تێیدا ئەندامن. پێشتر هۆشداری دابووە یاریزانان کە ئاگاداری خولی سعودی بن، چونکە کێشەی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەی تێدایە، هاوشانی وڵاتانی جەزائیر و چین.

ناوی چین نامۆیە وانیە؟ چین نموونەیەکی شکستخواردووی خەرجکردنی پارەی زەبەلاحە… بۆ ئێوەی شی دەکەینەوە.

ئۆسکار
ئۆسکار، لە کاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی شانگهای.

بەراوردکردنی بە خولی چینی

ماوەیەکی زۆر لە مێژ نییە، خولی سوپەری چینی هەوڵێکی گەورەیدا بۆ ئەوەی ناوە گەورەکانی تۆپی پێ رابکێشێتە ئاسیا و ئۆفەری زۆر گەورەی پێشکەش بە ئەستێرەکان دەکرد.

جارێکی دیکە، ئەو ئەستێرانەی دەستیان بۆ دەبرد، لە ترۆپکی ئاستی خۆیاندا نەبوون بەڵام جیا لەمەش توانیان چەند ئەستێرەیەک بگوازنەوە، لەوانە ئۆسکار، یاریزانی نێودەوڵەتی بەرازیلی کە ئەو کات تەمەنی تەنیا 25 ساڵ بوو، ریزەکانی چێڵسی جێهێشت و چووە ریزەکانی شانگهای پۆرت. ئەوکاتە ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری چێڵسی بوو و لێدوانێکی ئاگرینی لە دژی خولی سوپەری چینیدا

بازاڕی چین بۆ هەمووان مەترسیدارە، نەک تەنیا بۆ چێڵسی، بەڵکو بۆ تەواوی یانەکانی جیهان.

بەڵام بڵقەکانی خولی سوپەری چینی زۆر زوو بەهەواداچوون، رەنگە ئێستاش ئۆسکار لە چین بێت، بەڵام زۆربەی ئەستێرەکان لە ساتی بڵقەکەدا لە چین بوون لە ساڵانی 2016-2017 خولەکەیان جێهێشت.

حکومەتی چین سەرەتا زۆر بە توندی پاڵپشتی وەرزشی کرد، تاوەکو خولێکی پیشەگەری گەورە دروست بکەن، بەڵام وردە وردە پاڵپشتییەکانی کەمکردەوە، چونکە سوودێکی زۆری بۆ لاوانی وڵات نەبوو، بەڵکو ئەستێرەکان وەک پشوو سەیری خولی چینیان دەکرد و رۆژانە گەشت و سەیرانیان لە شار و گوندە خنجیلانەکانی چین بەسەر دەبرد.

ئابوورییەکی وەبەرهێن و زلهێز

خولی سعودی رەنگە رووبەڕووی چارەنووسێکی وەک خولی سوپەری چینی ببێت، چونکە سەرچاوەی سەرەکی پارەدارکردنی وەرزش، نەوتە. هەمووان دەزانن نەوت وزەیەکی نوێ نەبووەوە و رۆژێک کۆتایی دێت، بەڵام سعودی پلانێکی گەورەی هەیە و دیدگای 2030 راگەیاندووە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی وڵاتەکە، هەمەچەشن کردنی ئابووری وڵاتە، بۆ ئەوەی پشتبەستنی بە نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە.

محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە پێشتر رایگەیاندبوو

بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە، تەنیا پشت بە نەوت نابەستین. ئێمە زێڕ، فۆسفات، یۆرانیۆم و چەندین کانزای بە پیتی دیکەمان هەیە. بەڵام سامانی راستەقینەی ئێمە پەیوەستە بە خەڵکی خۆمان و لاوانی نەوەی داهاتوو. ئەوان گەلی ئێمەن و ئەندازیاری داهاتوومان دەبن.

جیاوازییەکی دیکەی خولی سعودی، ئاوێتەبوونی گەلی سعودییە بە تۆپی پێ، سەعد عەزیز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خولی سعودی دەڵێت

تۆپی پێ، پێگەیەکی جەماوەری گەورەی لە سعودیە هەیە، 80%ی گەلی سعودیە، تۆپی پێ دەکات یاخود سەیری دەکات.

بۆیە دەتوانین بڵێین پاڵپشتی بەردەوامی حکومەتی سعودیە لە تۆپی پێ، رەنگە گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر خولی سعودیدا بهێنێت و بیکاتە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان، یاخود هەر هیچ نەبێت، وەک کەیسێکی بەهێز بۆ میوانداریکردنی جامی جیهانی 2030 بەکاری بهێنێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button