ئیتاڵیاگرنگترین

ئیبراهیمۆڤیچ: من سوپەر مانم

یاریگا –

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، بەڵێنی یاریکردن لە وەرزی داهاتوو دەدات، ئەمەش دوای دابڕانی لە بەشێکی زۆری یارییەکانی ئەم وەرزەی سێریا ئەی و چامپیۆنزلیگ.

لەم وەرزەدا، ئەستێرەی سوێدی تەنیا بەشداری لە چوار یاریدا کرد، ئەمەش بە هۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆ ئەژنۆی لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا. ئیبراهیمۆڤچ لە مانگی فێبرایەری ئەمساڵ، دەستی بە یاریکردن کردەوە، بەڵام بە هۆی دابەزینی ئاستەکەی، بەشداری لە زۆربەی یارییەکاندا نەکرد، کەچی ئێستاش یاریزانە 41 ساڵییەکە دەیەوێت بەشداری لە یارییەکانی وەرزی داهاتوو بکات. زڵاتان بەم شێوەیە قسەی بۆ رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت کردووە

من ئەو کەسە نیم چۆک دابنێم و دەستبەرداربم. بەڵام دەبێ چێژ لەو کارە وەربگرم کە دەیکەم، ناتوانم یارمەتی بدەم، بەڵام دەتوانم وەک یاریزانی ژمارە یەک هەوڵی ئاشتیخوازی بدەم، ئەویش بە یاری تۆپی پێ دەکرێت. پێم وایە تاوەکو ئێستا دەتوانم شتێک پێشکەش بکەم. بیرم لە وازهێنان نەکردووەتەوە و پێم وایە لە یاریکردن بەردەوام دەبم.

زڵاتان لەبارەی ژیانی ئێستا و چۆنیەتی بەردەوام بوونی دەڵێت

پێویستە هاوسەنگی بۆ ژیان بدۆزمەوە. ئەگەر ئارامی یان سەقامگیری نەبێت، ئەوا وەک بۆمبت لێ دێت و بۆمبیش دەتەقێتەوە. من باشم، زۆر خۆم ماندوو کردووە و بۆ زۆر شتیش خۆم ناچار کردووە. کاتێک بە هۆی پێکان لە یاریکردن دابڕام، تیمەکەم پێویستی بە من بوو. بۆیە هەست دەکەم لە توانامدایە یارمەتی پێشکەش بکەم، بۆیە لە یاریکردن بەردەوام دەبم.

گرێبەستی ئەستێرە سوێدییەکە لە کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ میلان بەسەر دەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نییە.

لە خۆم خۆش نابم، چونکە تاوەکو ئێستا هاوسەنگیم نەدۆزیوەتەوە. ئێستا هەموو بابەتەکان لە مێشکمدا دەسووڕێنەوە، بەڵام سەرێکی بەهێزم هەیە، هەست دەکەم سوپەر مانم، کاتێک دەگەڕێمەوە، دەبێ هاوسەنگییەکی تەواوم هەبێت.

پێناچێت زڵاتان بەشداری لە دوا یاری ئەم وەرزەی سێریا ئەی بکات، کاتێک سبەی یەکشەممە، میلان رووبەڕووی ڤێرۆنا دەبێتەوە، چونکە لە مانگی ئەپریلی رابردوودا، جارێکی دیکە تووشی پێکان بووەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button