ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

بارسێلۆنا نوێترین پلانی بۆ گواستنەوەی مێسی ئاشکرا دەکات

یاریگا –

بارسێلۆنا هەموو بژاردەیەک بۆ گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی دەگرێتەبەر و ئەمجارە هانا بۆ ئینتەر مەیامی دەبات.

رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا دەیەوێت بە زووترین کات لیۆنێل مێسی لە چنگی هیلالی سعودیە دووربخاتەوە. چونکە یانە کاتالۆنییەکە کێشەی داراییەکانی چارەسەر نەکردووە و مێسیش گرێبەستەکەی لە پاریس بەسەر دەچێت.

رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، بارسێلۆنا و ئینتەر مەیامی پلانێکی هاوبەشیان بۆ مێسی داڕشتووە. سەرەتا یانە ئەمریکییەکە گرێبەست لەگەڵ مێسی دەکات و دواتر بۆ ماوەی 18 مانگ، مێسی بە خواستن دەچێتە بارسێلۆنا و ئەمەش وا دەکات، مێسی بە باشترین ئاست بۆ کۆپا ئەمریکای 2024 ئامادە بێت، جیا لەمەش مێسی دەتوانێت بۆ دوو ساڵ لە چامپیۆنزلیگ یاری بکات.

لە هاوینی رابردووشدا هەمان بیرۆکە لای بارسێلۆنا و ئینتەر مەیامی گەڵاڵە کرابوو، بەڵام پلانەکە سەرینەگرت و ئێستا هەردوو یانەکە دەیانەوێت مێسی لە سعودیە دووربخەنەوە، سەرەڕای ئۆفەرە خەیاڵییەکە.

پێشتر پێگەی فووت مێرکاتۆی فەرەنسی روونیکردووەتەوە، خۆرخێی باوک و بریکاری مێسی ئۆفەرەکەی هیلالی وەرگرتووە و پێی رازی بووە. بە گوێرەی پێگەکە بێت، ئۆفەرەکەی هیلال دەگاتە 1.2 ملیار یۆرۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ. ئەمەش زیاتر لە دوو هێندەی مووچەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە لەگەڵ نەسری سعودی.

دوێنێ رۆژنامەی ئۆلێ لە بڵاویکردبووەوە، چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ، بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکرێت، گرنگیان بە لیۆ مێسی داوە و رەنگە ببنە وێستگەی داهاتووی پاڵەوانی جیهان.

سەرەڕای ناڕوونی داهاتووی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، مێسی لەم وەرزەدا لە کۆی 41 یاری بەشداری لە 40 گۆڵدا کردووە، ئەمەش یارمەتیدەری یانە پاریسییەکە بوو، بۆ ئەوەی نازناوی خولی فەرەنسی بەدەستبهێنێت.

شەممەی داهاتوو، پاریس دوا یاری لەم وەرزەدا بەرامبەر کلێرمۆنت دەکات و پێدەچێت دوا یاری لیۆ مێسی بێت لەگەڵ پاڵەوانەکەی فەرەنسا.

بابەتی زیاتر

Back to top button