ئاسیابازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

مێسی بڕیاری کۆتایی دەدات

یاریگا –

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان لەلایەن چەندین یانەوە داواکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە.

گرێبەستی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە کۆتایی مانگی داهاتوو بەسەر دەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نییە.

بەم دواییە زۆر قسە لەبارەی داهاتووی مێسی کرا، بارسێلۆنا لە سەرووی یانە گرنگی پێدەرەکان دەردەکەوێت، بەڵام هیچ هەنگاوێکی فەرمی لەلایەن یانە کاتالۆنییەکەوە نەنراوە.

فابریزیۆ رۆمانۆ، لە تویتێکدا روونیکردووەتەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا مێسی بڕیاری کۆتایی لەبارەی داهاتووی خۆی دەدات. چونکە هەریەکە لە یانەکانی هیلال، ئینتەر مەیامی و بارسێلۆنا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە دەکەن.

رۆژنامەی ئۆلێ لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردووەتەوە، چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ، بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکرێت، گرنگیان بە لیۆ مێسی داوە و رەنگە ببنە وێستگەی داهاتووی پاڵەوانی جیهان.

هەرچەندە لە بارسێلۆنا هەموو لایەک پاڵپشتی گەڕانەوەی مێسی دەکەن، بەڵام کێشە داراییەکان رێگرن لە بەردەم گەڕانەوەی مێسی، چونکە تاوەکو ئێستا بارسا نەیتوانیوە کێشەکانی چارەسەر بکات و رەزامەندی لالیگا لەسەر گەڕاندنەوەی مێسی وەربگرێت.

لە دوای راپۆرتەکەی ئۆلێ، پێگەی فووت مێرکاتۆی فەرەنسی روونیکردووەتەوە، خۆرخێی باوک و بریکاری مێسی ئۆفەرەکەی هیلالی وەرگرتووە و پێی رازی بووە. بە گوێرەی پێگەکە بێت، ئۆفەرەکەی هیلال دەگاتە 1.2 ملیار یۆرۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ. ئەمەش زیاتر لە دوو هێندەی مووچەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە لەگەڵ نەسری سعودی.

سەرەڕای ناڕوونی داهاتووی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، مێسی لەم وەرزەدا لە کۆی 41 یاری بەشداری لە 40 گۆڵدا کردووە، ئەمەش یارمەتیدەری یانە پاریسییەکە بوو، بۆ ئەوەی نازناوی خولی فەرەنسی بەدەستبهێنێت.

شەممەی داهاتوو، پاریس دوا یاری لەم وەرزەدا بەرامبەر کلێرمۆنت دەکات و پێدەچێت دوا یاری لیۆ مێسی بێت لەگەڵ پاڵەوانەکەی فەرەنسا.

بابەتی زیاتر

Back to top button