ئاسیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

هیلال چاوی لە ئەستێرەكانی ئەوروپایە

یاریگا –

ئیدارەی یانەی هیلالی سعودی بە سەركردایەتی فەهد بن نافل بەدوای گرێبەستی گەورەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا بیانگوازێتەوە و ریزەكانی یانەكەی پتەوتر بكات.

ئامانجی یەكەمی هیلال لە گواستنەوەكانی هاوینەدا لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسیە و دەیەوێت لە گواستنەوەكانی داهاتوودا بیگوازێتەوە.

راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان پێشتر ئاشكرایانكرد هیلال بڕی 500 ملیۆن یۆرۆی لە وەرزێكدا پێشكەشی مێسی كردووە ، بەڵام هەر زوو خۆرخی مێسی بەڕێوەبەری كارەكانی و باوكی ئەفسانە ئەرجەنتینیەكە  سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باسیان لە رێككەوتنی مێسی و هیلال دەكرد.

لیۆنێل مێسی لەگەڵ پاریس سان جێرمان

هیلال بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات چەند ناوێكی گەورەی ئەوروپا بگوازێتەوە ریزەكانی یانەكەی بۆ ئەوەی ركابەری لەگەڵ نەسر بكات كە لە مانگی یەكی ساڵی رابردوودا توانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پۆرتوگالی بگوازێتەوە یانەكەی ، لە دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد.

رۆژنامەی فوت مێركاتۆی فەڕەنسی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكردووە لیۆنێل مێسی تاكە یاریزان نیە كە لەسەر مێزی گفتۆگۆی هیلالە و یانەكە هەوڵی بەدەستهێنانی چەند ناوێكی دیكەش دەكات.

رۆژنامەكەی ئەوەشی ئاشكرا كردووە، هیلال چاوی لە تواناكانی سادیۆ مانێ ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن و ئیدین هازارد یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیە بۆ ئەوەی لە گواستنەوەكانی هاویندا بیگوازنەوە یانەكەیان.

وەرزی یەكەمی مانێ لەگەڵ بایرن میونشن سەركەوتوو نەبوو دوای ئەوەی لە هاوینی رابردوودا لە لیڤەرپوولەوە پەیوەندی بەو یانەیەوە كرد و باس لەوە دەكرێت كە ئالیانز ئەرینا جێدەهێڵێت لەسەر خواستی تۆماس تۆخێلی راهێنەر، بەڵام یاریزانەكە نایەوێت بە ئۆفەرەكەی هیلال رازی بێت و دەیەوێت لە ئەوروپا بەردەوام بێت و لە بایرن خۆی بسەلمێنێت.

سادیۆ مانێ بە درێسی بایرن میونشن

لە راپۆرتەكەشدا هاتووە، سەبارەت بە هازارد ئەگەرێكی زۆر هەیە هیلال سەركەوتوو بێت لە گواستنەوەی بەهۆی زۆری پێكانەكانی و پشت نەبەستن پێی لەلایەن كارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری شاهانەكانەوە.

ئێدین هازارد لەگەڵ ریال مەدرید

هیلال بە كۆكردنەوەی 53 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی خولی رۆشەنی سعودی دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button