ئینگلتەرا

ئارتێتا سەگێک دەباتە مەشقەکانی ئارسیناڵ

یاریگا –

میکێل ئارتێتا سەگێکی ڕاهێنراو بەکاردەهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی ورەی تیپەکەی لە کاتی مەشق و راهێنانەکانی دوایین هەفتەکانی خولی نایابی ئینگڵتەڕادا.

ڕۆژنامەی تایمز بڵاویکردووەتەوە، بوونی سەگێک لە دوایین مەشقەکانی ئارسناڵ یاریزانانی تیپەکەی تووشی سەرسوڕمان کردووە.

ئەو سەگە ڕاهێنراوەی کە میکل ئارتێتا فەرمانی پێکردووە، لەمەودوا لە مەشقەکانی گەنەرزدا ئامادە دەبێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئارتێتا پێی وایە بوونی ئەم سەگە ڕاهێنراوە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ورەی یاریزانەکان.
راهێنەرەکەی گەنەرز بڕیاریدا ئەم ئاژەڵە لە مەشق و ڕاهێنانەکاندا بەکاربهێنێت کاتێک ڕاپۆرتێکی خوێندەوە، کە باس لە کاریگەری ئەرێنی بوونی ئاژەڵی ماڵی لە کاتی ڕاهێنانی وەرزشیدا دەکات.

ئارتێتا وەک ڕاهێنەرێک ناسراوە کە لە مەشقەکاندا وردەکارییەکان بە نرخ دەزانێت.
ماوەیەک لەمەو پێش لە دیکۆمێنتاریی یانەی ئارسناڵدا دەرکەوت کە هەوڵیدا کەشوهەوای یاریگای ئەنفێڵد بۆ یاریزانەکانی بگۆڕێت بە بەکارهێنانی چەند بڵندگۆیەکی بەهێز و دانانی لە دەوروبەری یاریگای مەشقەکانی تیپەکەی پێش یارییەکەیان بەرامبەر لیڤەرپوول.

لە حاڵەتێکی تردا باس لەوە دەکرێت کە ئارتێتا جارێکیان بە گڵۆپێکەوە چووەتە ژووری جلگۆڕین و بە یاریزانەکانی گوتووە گڵۆپ هیچ بەهایەکی نییە و هیچ سوودێکی نییە تاوەکو بە کارەباوە نەبەسترێتەوە، پەیوەندی نێوان ئێوەی یاریزانان وەک کارەبای گڵۆپەکەیە و ئەگەر لەگەل یەکدا هاوکار نەبن و پەیوەندیتان نەبێت لەناو یاری دا ئەوا هیچ سودێکتان بۆ کەس نابێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button