جیهانگرنگترین

لۆگۆ و وردەکارییەکانی مۆندیالی 2026 ئاشکرا کران

یاریگا –

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ لۆگۆی مۆندیالی 2026ی ئاشکرا کرد، کە بڕیارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەبچێت.

ئەمە یەکەمجارە لە دوای 1994، تۆپی پێی جیهانی دەگەڕێتەوە ئەمریکای باکوور و سلۆگانی مۆندیالی 2026 بریتییە لە ”ئێمە 26ین”. هەروەها لۆگۆیەکە بە شێوازێکی سادە دیزاین کراوە. 26 لە پشتەوەی نازناوی جامی جیهانی دەردەکەوێت.

ئەمە یەکەمجارە نازناوی مۆندیال لە لۆگۆدا بەکاردەهێندرێت و بڕیارەکەش ئەوەبوو، کە هیچ رەنگی وڵاتانی میوانداری تێدا نەبێت.

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا لە بارەی ئاشکراکردنی لۆگۆ و وردەکاری مۆندیالی 2026 روونیکردەوە

ئەمە ئەو ساتەیە کە سێ وڵاتی یەک کیشوەر بە یەکەوە دەڵێن؛ ئێمە یەکگرتووین بۆ پێشوازیکردن لە جیهان و پێشکەشکردنی گەورەترین، باشترین و جیاوازترین مۆندیال لە مێژوودا. پاڵەوانەتییەکە رێگە بە هەرسێ وڵاتی میواندار دەدات، پەڕی تایبەتی خۆیان لە مێژوودا بنووسنەوە.

یارییەکانی مۆندیالی 2026 لە 16 شار بەڕێوەدەچن کە 11 لە ئەمریکا و دوو لە کەنەدا و سێ شاریش لە مەکسیک دەبن. هەر 16 شارەکە براندینگی تایبەت بە خۆی دەبێت، واتە رەنگ و ستایڵەکەی جیاواز دەبێت.

تاوەکو ئێستا شوێنی یاری کۆتایی مۆندیالی 2026 دەستنیشان نەکراوە، ئینفانتینۆ لەبارەی ئەم بابەتەوە گوتی

بە دڵنیاییەوە، لۆس ئانجلێس شارێکی گرنگە و ناوەندی شارەکانی میوانداری مۆندیالە. لۆس ئانجلێس دەرگەی هاتنە بۆ ئەمریکا، ئەو شارەیە کە یاری کۆتایی دوا وەشانی مۆندیال لە ئەمریکای لێ بەڕێوەچوو. تاوەکو ئێستا نازانین یاری کۆتایی مۆندیالی داهاتوو لە کام شار بەڕێوەدەچێت. تکایە پڕوپۆزەڵەکان کۆبکەنەوە، بەڵام لۆس ئانجلێس یەکێک دەبێت لە شارە گرنگەکان.

رۆناڵدۆ نازاریۆ، یەکێک بوو لە میوانانی ئیڤێنتی ئاشکراکردنی لۆگۆی مۆندیالی 2026، شان بە شان یوری جۆرکایێف، کارلی لۆید، کریستێن پرێس، تۆبین هیس و ئالێکس لالاس.

یارییەکانی مۆندیالی 2026 لە 11ی حوزەیران دەستپێدەکات و لە 19ی تەمموز کۆتایی دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button