لە دوای یاریەكەی مانچێستەر سیتی مانێ لە سانێی داوە
یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ئاشكرایانكرد لە دوای یاریەكەی شەوی رابردووی نێوان مانچێستەر سیتی و بایرن میونشن سادیۆ مانێی سەنیگالی لە لیرۆی سانێی هاوڕێی داوە.
شەوی رابردوو مانچێستەر سیتی میوانداری بایرن میونشنی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە، لە میانی یاری چوونی قۆناخی چارەكی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا.
گۆڵەكانی یاریەكە لەلایەن رۆدری لە خولەكی 27 و بێرناردۆ سێلڤا لە خولەكی 70 و ئێرلینگ هالاند لە خولەكی 76 تۆمار كران.
لە یاریەكەدا لیرۆی سانێ بە شێوەی سەرەكی بەشداری یاریەكەی كرد و مانێ وەك یاریزانی یەدەگ لە خولەكی 69 هاتە نێو یاریگا.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەی بێڵد ـی ئەڵمانی ناكۆكیەكی گەورە لە نێوان مانێ و سانێ روویداوە، لە كاتی یارییەكەدا هەردوو یاریزان لە نێو یاریگادا شەڕیانكردووە.
رۆژنامە ئەڵمانیەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە دوای فیكەی كۆتایی ناوبژیوان مانێ گلەیكردووە كە چۆن سانێ لە یاریگادا قسەی لەگەڵ دەكات، دواتر هێرشبەرە سەنیگالیەكە بۆكسێكی لە دەموچاوی هاوڕێكەی داوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، دواتر هاوڕێ یاریزانەكانیان لە یەكتریان جیاكردوونەتەوە بە مەبەستی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە، دواتر سانێ نێردراوەتە ژووری خۆگۆڕین و ئاسەواری لێدانەكە بە دەموچاویەوە دیار بووە.
بایرن میونشن نەیوویستووە هیچ لێدوانێك و روونكردنەوەیەك سەبارەت بە رووداوەكە بدات.
وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە یاریگای بایرن میونشن یاری گەڕانەوە لە نێوان هەردوو یانە ئەنجام بدرێت و براوەی نێوانیان لە قۆناخی پێشكۆتاییدا بەرامبەر براوەی نێوان ریال مەدرید و چێڵسی یاری دەكات.