ئیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید داوای گۆڕانکاری سەرتاسەری لە سیستمی ڤار دەکات

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید لە هێرشکردنە سەر سیستمی ڤار ناوەستێت و دەیەوێت بگاتە چارەسەرێکی یەکجارەکی.

رۆژنامەی مارکا لە ژێر ناونیشانی ”شەڕی ریال مەدرید دژی سیستمی یاریدەدەری ناوبژیوانی بێکۆتاییە” راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم سیستمە بڵاوکردووەتەوە، چونکە لۆس بلانکۆس گلەیی زۆری لە سیستمەکە هەیە.

ریال مەدرید لە ماوەی رابردوودا لە رێگەی کەناڵ و پلاتفۆرمەکانی، هێرشێکی توندی کردە سەر چەند ناوبژیوانێک و رەخنە لە بڕیارە دژەکانی ناوبژیوانان دەگرت، بە تایبەت دوای هەستکردن بە بڕیاری ”نا دادپەروەر” لە یاری کلاسیکۆی رابردوودا.

لە راپۆرتەکەی مارکادا هاتووە

ریال مەدرید دەستبەرداری هەوڵەکانی نابێت، تاوەکو رێگە چارەیەک دەدۆزرێتەوە. ریال مەدرید دەیەوێت شکستی ئەم سیستمە بسەلمێنێت. بەرپرسانی ریال مەدرید متمانەیان بەو کەسانە نییە کە سەرپەرشتی سیستمەکە دەکەن لە ئیسپانیا.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لە سیستمی ئۆفسایدی نیمچە خۆکار کراوە

تاکە شت کە پێدەچێت گۆڕانکاری بەسەردابێت، دانانی سیستمی ئۆفسایدی نیمچە خۆکارە. بەڵام تاوەکو ئێستا بیر لە گۆڕینی هیچ بەرپرسێک لە سیستمی ڤار نەدراوە.

ریال مەدرید لە هەفتەی رابردووەوە، هێرشی بۆ سەر چەند ناوبژیوانێک دەستپێکردووە، سەرنجی سەرەکیشی لەسەر ئیگێسیاس ڤیلانۆڤا داناوە، چونکە ریال مەدرید پێی وایە، بڕیارەکانی ڤیلانۆڤا زیانێکی زۆری بە مەدرید گەیاندووە.

ڤیلانۆڤا یەکێکە لەو ناوبژیوانانەی کە ناویان لە کەیسی ”گەندەڵییەکانی بارسێلۆنا” یاخود کەیسی ”نێگرێیرا” هاتووە،

رۆژنامەی مارکا لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی

شەڕەکە ئێستا دەستیپێکردووە، ریال مەدرید نیازی کپکردنی چەکەکانی نییە و بەردەوام دەبێت لە گلەییەکانی تاوەکو سیستمی ڤار بەردەوام بێت، یاخود هەرچی نەبێت، گۆڕانکاری لە بەرپرسانی سیستمەکە بکرێت.

ریال مەدرید بە شێوەیەکی کاتی بە جیاوازی 15 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگادا دێت، لە ماوەی رابردوودا بە فەرمی بەشداری لە کەیسی نێگرێیرادا کرد، ئەمەش گرژی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا دروستکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button