یاریگا
ناچۆ فێرناندێز، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی گومانی لەسەر داهاتووی خۆی لە یانەكەی درووستكرد.
شەوی رابردوو لیڤەرپوول لە یاریگای ئەنفێلدی تایبەت بە خۆی میوانداری ریال مەدریدی كرد و یارییەكەش بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی یانەی میوان كۆتایی هات، لە میانەی یاری چوونی قۆناخی شانزەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا.
گۆڵەكانی رێدز لەلایەن نونێز و سەلاح تۆمار كران و گۆڵەكانی ریالیش لەلایەن ڤینیسیۆس دوو گۆڵ و بێنزێما دوو گۆڵ و میلیتاو گۆڵێك تۆمار كران.
لە خولەكی 27ی یارییەكەدا داڤید ئالابا بەهۆی پێكانەوە یاریگای جێهێشت و ناچۆ جێگای گرتەوە.
لە دوای یارییەكە ناچۆ گوتی: نوێكردنەوەی گرێبەستەكەم لەگەڵ ریال مەدرید؟ هێشتا بڕیارم نەداوە كە چی بكەم، ئەوە بڕیارێكی كەسی و خێزانییە.
هەروەها گوتیشی: نامەوێت ئەمە وەك پەیامێك بێت بۆ یانەكە ، ئێمە پەیوەندیە باشەكەمان دەپارێزین و ئەوان یەكەم كەس دەبن كە بڕیارەكەم بزانن.
لە كۆتایشدا بەرگریكارە ئیسپانیەكە گوتی: لە سەرەتای وەرزدا بە كاتێكی سەخت و خراپدا تێپەڕیم ، چونكە پێم وابوو شایەنی خولەكی زیاترم.