ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ىڕیاریی کۆتایی بە بەرپرسانی بێنفیکا راگەیاندووە؛ گفتوگۆی ریال مەدرید و مۆرینیۆ پێشکەوتووە

هەفتەی داهاتوو کۆتایی بە گرێبەستەکە دەهێنن

Yariga App

یاریگا –

جۆزێ مۆرینیۆ بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید کۆببێتەوە، بەو هیوایەی گرێبەست لەگەڵ یانەکە کۆتایی پێبهێنێت.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە دۆخەکە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ئاماژەیان بەوە کردووە کە مۆرینیۆ پێشتر بە هەندێک کەسی نێو یانەی بێنفیکا گوتووە کە یانەکە جێدەهێڵێت. یانە پۆرتوگالییەکەش لە دۆخەکە ئاگادارە و خەریکی تاوتوێکردنی چەند بژاردەیەکە بۆ جێگرتنەوەی مۆرینیۆ ئەگەر بڕوات، لەوانەش مارکۆ سیلڤای راهێنەری فولهام و رۆبن ئامۆریمی راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد، کە بژاردەی یەکەم بەهێزترە.

پێشنیاری درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بێنفیکا پێشکەشی مۆرینیۆ کرابوو، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت کە ئەمە رەتبکاتەوە. کاتێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی رۆژی هەینیدا دەربارەی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی پرسیاری لێکرا، جۆزێ گوتی نایەوێت بیبینێت یان شیکردنەوەی بۆ بکات تاوەکوو رۆژی یەکشەممە، کاتێک بێنفیکا لە کۆتا یاریی وەرز لە خولی پۆرتوگالیدا رووبەڕووی ئێستۆریل دەبێتەوە.

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بێنفیکا

گرێبەستی ئێستای مۆرینیۆ لەگەڵ بێنفیکا ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، بەڵام مەرجی هەڵوەشاندنەوەی تێدایە بە بڕی نزیکەی سێ ملیۆن یۆرۆ، کە دەکرێت لە ماوەی 10 رۆژدا دوای کۆتایی هاتنی وەرزەکەیان چالاک بکرێت.

پێگەی ئاتلێتیک، هەفتەی رابردوو بڵاوی کردەوە کە مەدرید لە گفتوگۆدایە بۆ دەستنیشانکردنی مۆرینیۆ وەکوو راهێنەری داهاتووی، چونکە ئەم راهێنەرە پۆرتوگالییە بەربژێری دڵخوازی پێرێزە بۆ جێگرتنەوەی ئالڤارۆ ئاربێلۆا.

چەندین سەرچاوە بە پێگەکەیان گوتووە، کە بڕیاری دیاریکردنی راهێنەری داهاتووی مەدرید راستەوخۆ لە لایەن خودی پێرێزەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەمەش بە پێچەوانەی پرۆسەی دامەزراندنی چابی ئالۆنسۆ بوو لە کۆتایی وەرزی رابردوودا، کە ئەو پرۆسەیە لە لایەن خۆسێ ئانخێل سانچێزی بەڕێوەبەری گشتیی مەدریدەوە بەڕێوەبرا و پاشان لە لایەن پێرێزەوە پەسەندکرا.

فلۆرێنتینۆ پێرێز و جۆزێ مۆرینیۆ

هەڵبژاردنەکان و دۆخی نێوخۆیی یانەکە

لە 12ـی ئایاردا پێرێز کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی چاوەڕواننەکراوی سازکرد بۆ راگەیاندنی هەڵبژاردنی نوێ بۆ سەرۆکایەتی یانەکە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەکی پڕ لە پشێویی لەنێو یانەکە هات، کە تێیدا مەدرید جارێکی دیکە نازناوی لا لیگای بە بارسێلۆنا دۆڕاند دوای شکستەکەی لە ئێل کلاسیکۆدا، لە لایەکی دیکەشەوە فێدیریکۆ ڤاڵڤێردی و ئۆرێلیەن چوامێنی دوای شەڕێکی نێو مەشق و راهێنانەکان هەردووکیان سزای دارایی دران.

بە پێچەوانەی بارسێلۆناوە، دەستووری مەدرید داوا لە پێرێز ناکات لە پۆستەکەی بکشێتەوە لە کاتی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنەکان، ئەمەش واتای ئەوەیە هیچ هۆکارێکی تەکنیکی نییە رێگری لە یانەکە بکات لە بەردەوامبوون لە کارە گرنگەکانی دەرەوەی یاریگا.

لە کاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا پرسیار لە سەرۆکی یانەکە کرا دەربارەی مۆرینیۆ، ئەویش لە وەڵامدا گوتی:

پێم وانەبوو کەس دەربارەی ئەو پرسیارم لێ بکات. ئێمە ئێستا لەو قۆناخەدا نین. لەم ساتەدا، بابەتێکی لەپێشینە هەیە کە دەمەوێت چارەسەری بکەم.

ماوریسیۆ پۆچێتینۆی راهێنەری هەڵبژاردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ماسیمیلیانۆ ئالێگریی راهێنەری میلان، بەربژێریی دیکەش هەبوون کە لە لایەن مەدریدەوە لەبەرچاو گیرابوون. دیدیێ دیشامپی راهێنەری فەرەنساش لەنێوخۆدا وەکوو بژاردەیەکی دیکە ناوی هێنرابوو، لە کاتێکدا سۆزێکی دێرینی بۆ یۆرگن کڵۆپی راهێنەری پێشووی لیڤەرپوولیش هەبوو.

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بێنفیکا

مێژووی مۆرینیۆ و دۆخی ئێستای تیمەکە

مەدرید دوو وەرزە بەبێ بردنەوەی نازناوی گەورە بەڕێ دەکات، ئەمە یەکەمجارە شتی وا روو بدات لە دوای وەرزی 2009-2010، کە لەو کاتەشدا مۆرینیۆ بۆ قۆناخی یەکەمی سەرپەرشتیکردنی یانەکە دەستنیشان کرا.

ماوەی کارکردنی ئالۆنسۆ وەکوو راهێنەر تەنیا حەوت مانگی خایاند، پێش ئەوەی لە مانگی یەکدا لە کارەکەی دووربخرێتەوە و ئاربێلۆا بۆ ماوەیەکی کورت جێگەی بگرێتەوە، کە لە پۆستی خۆی وەکوو راهێنەری ریال مەدرید کاستیا (تیمی دووەمی یانەکە) سەرکەوت بۆ تیمی یەکەم.

مۆرینیۆ لە نێوان ساڵانی 2010 تاوەکوو 2013 سێ نازناوی نێوخۆیی لەگەڵ مەدرید بەدەست هێنا، لەوانەش نازناوی لا لیگای وەرزی 2011-2012 بە تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە خاڵدا.

جۆزێ مۆرینیۆ و فلۆرێنتینۆ پێرێز

بابەتی زیاتر

Back to top button