یاریگا
سەرەتای ئەم هەفتەیە لە پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا واتە لالیگا، پرێمەرلیگ، سێریائەی، بۆندزلیگا و لیگ وەن چەندین یاری بەڕێوەچوون و چەند گۆڕانکارییەکیش لە ریزبەندی خولەکان کرا.
سەرەتا لە لالیگای ئیسپانیا، بارسێلۆنا لە گەڕی 21بووە میوانی ڤیاریال و توانی بە تاکە گۆڵی پێدری سێ خاڵی یارییەکە بباتەوە. بلاوگرانا بەم بردنەوەیە بەشێوەیەکی کاتی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدرید دووەمی ریزبەندی گەیاندە 11 خاڵ.
لە پرێمەرلیگی ئینگلیزیش، ئەم هەفتەیە لە گەڕی 23 خولەکە چەند یارییەک کران، ئارسێناڵی پێشەنگ دوو خاڵی بەرامبەر برێنتفۆرد لەدەستدا و مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەندیش سوودی لەم دەرفەتە بینی و بە بردنەوەی لە ئاستۆن ڤیلا، بەشێوەیەکی کاتی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ گەنەرز بۆ سێ خاڵ کەمکردەوە.
لە سێریائەی ئیتاڵیا، ئەیسی میلان دوای زنجیرەیەک ئەنجامی لاواز، دوای پێنج یاریی تامی یەکەم بردنەوەی کرد. ناپۆلی پێشەنگیش بەردەوامە لەسەر ئەنجامە باشەکانی. هەروەها یوڤێنتوسیش بردنەوەیەکی دیکەی بەدەستهێنا.
لە بۆندزلیگای ئەڵمانیاش، بایرن میونشن سەرەڕای ئەوەی قۆناغی دووەمی بە باشی دەست پێنەکرد، بەڵام دوو یارییە لەسەر یەک رکابەرەکانی تووشی دۆڕان دەکات.
لە لیگ وەنی فەرەنساش، پاریس سانجێرمان لەم گەڕەی خولەکە بەرامبەر مۆناکۆ تووشی دۆڕانێکی چاوەڕواننەکراو بوو، لەو یارییە مێسی و ئێمباپێ بەهۆی پێکان یارییان نەکرد.
ریزبەندی خولی ئیسپانیا:
١- بارسێلۆنا ٥٦ خاڵ
٢- ریال مەدرید ٤٥ خاڵ
٣- ریال سۆسیداد ٣٩ خاڵ
٤- ئاتلێتیکۆ مەدرید ٣٨ خاڵ
ریزبەندی خولی ئینگلیزی:
١- ئارسێناڵ ٥١ خاڵ
٢- مانچێستەر سیتی ٤٨ خاڵ
٣- مانچێستەر یونایتد ٤٦ خاڵ
٤- نیوکاسڵ یونایتد ٤١ خاڵ
ریزبەندی خولی ئیتاڵیا:
١- ناپۆلی ٥٩ خاڵ
٢- ئینتەر میلان ٤٣ خاڵ
٣- ئاتالانتا ٤١ خاڵ
٤- رۆما ٤١ خاڵ
ریزبەندی خولی ئەڵمانیا:
١- بایرن میونشن ٤٣ خاڵ
٢- یۆنیەن بەرلین ٤٢ خاڵ
٣- بورووسیا دۆرتمۆند ٤٠ خاڵ
٤- فرایبۆرگ ٣٧ خاڵ
ریزبەندی خولی فەرەنسا:
١- پاریس سانجێرمان ٥٤ خاڵ
٢- مارسێی ٤٩ خاڵ
٣- مۆناکۆ ٤٧ خاڵ
٤- لانس ٤٦ خاڵ