مێسی: بە یارمەتی هاوڕێكانم خەونەكەم لە ساڵی 2022 هاتە دی
یاریگا-
لیۆنێل میسی ئەفسانەی تۆپی پێ و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە پەیامێكی پیرۆزبایی نارد.
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئەفسانەكەی پاریس سان جێرمان نووسیویەتی: ساڵێک کۆتایی دێت کە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، ئەو خەونەی (بەدەستهێنانی مۆندیال) کە هەمیشە بەدوایدا دەگەڕام بوو بە ڕاست، بەڵام شایانی ئەوە نەدەبوو ئەگەر ئەو خۆشییە لەگەل خێزانە نایابەكەم و هاوڕێكانم کە هەمیشە پشتیوانم دەکەن و ڕێگەم پێنادەن هەر جارێک کە دەکەوم لەسەر زەوی بمێنمەوە هاوبەشی پێ نەكەم.
هەروەها نووسیویشیەتی: مەحاڵە بگەمە ئەو شتەی کە بەدەستم هێناوە بەبێ هاندانی زۆر کە لەلایەن هەموو خەڵکی وڵاتەکەمەوە وەرمگرتووە و هەروەها لە پاریس و بارسێلۆنا و چەندین شار و وڵاتی دیکە کە سۆز و خۆشەویستیم لێ وەرگرتووە.
لە كۆتایشدا نووسیویەتی: هیوادارم ئەمساڵیش ساڵێکی گەورە بێت بۆ هەمووان و هیوای تەندروستی و هێز بۆ هەمووتان دەخوازم بۆ ئەوەی لە ساڵی 2023 درێژە بە دڵخۆشیتان بدەن, باوەشێکی گەورە بۆ هەمووان.