تیاگۆ سیلڤا : مێسی گلەیی چی دەکات خۆی ناوبژیوانی هەڵخەڵەتاند بەرامبەر پاریس

یاریگا-تیاگۆ سیلڤا بەرگریکاری هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی پاریس سان جێرمان رەخنە لە لیۆ مێسی دەگرێت کە گازندە لە ناوبژیوان دەکات لە کاتێکدا خۆیشی هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی ناوبژیوانی داوە.
سیلڤا وەڵامی ئەو لێدوانەی مێسی دایەوە کە وتبووی کۆپا ئەمێریکا بۆ بەڕازیل ئامادەکراوە و نابێتە بەشێک لەو گەندەڵییە. کاپتنەکەی پێشووی سامبا وتی “قسەکانی مێسی شتێکی قورسە بۆ ئێمە کە قسەی لەسەر بکەین، هەندێک جار لە شكستدا هەوڵدەدەین بیانووەکە بخەینە سەر ئەوانی دیکە. پێم وانیە ئەو لە رقدا ئەو قسەیەی کردبێت بەڵام ئەوەمان پێناخۆشە کاتێک ٦-١ بە بارسێلۆنا دۆڕاین لەگەڵ پاریس، مێسی ناوبژیوانی خەڵەتاند و ئەوەش شتەکە بێ مانا دەکات. نەشچووین لێدوان بدەین بڵێین ناوبژیوان لە بەرژوەندی بارسا بڕیاریداوە و دەبێت هەندێک رێز نیشان بدەیت. بەڕازیل بە بە بێ هۆ خاوەنی پێنج جامی جیهانی نیە، هیچ کامێکیمان نەدزیوە و لەنێو یاریگادا بەدەستمان هێناون”.
ئەم لێدوانەی تیاگۆ سیلڤا دوای تەنها یەک هەفتە دێت بەسەر ئەوەی کە وتبووی مێسی باشترین یاریزانی مێژووە، بەڵام لێدوانەکەی ئەفسانەکەی کاتالۆنیا دڵی زۆرێک لە هاوڕێ بەڕازیلییەکانی رەنجاند.