حکومەتی بەریتانیا داوایەکی مانچێستەر یونایتد بۆ هاوکاری رۆناڵدۆ رەتدەکاتەوە

یاریگا–
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوای ئەوەی بە مەبەستی بەشداری کردن لە یاری هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ئایرلەندا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال گەڕایەوە وڵاتەکەی، بریارە بەم زووانە بگەڕێتەوە بەریتانیا و حکومەتی ئەم وڵاتەش رەتیدەکاتەوە بەبێ کەرەنتین کردن رێگە بە گەڕانەوەی ئەو یاریزانە بدرێت.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، کارگێری شەیتانە سوورەکان داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کردووە، لە کاتی گەڕانەوەی ئەستێرە پۆرتوگاڵیەکەی یانەکەیان، رێگەی پێبدەن کەرەنتین نەکرێت و یەکسەر پەیوەندی بە راهێنانەکانی یانەکەی بکات، بەڵام داواکە رەتکراوەتەوە و ئەو یاریزانە لە کاتی گەڕانەوە لە وڵاتەکەی، بەهۆی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستە بۆ ماوەی پێنج رۆژ کەرەنتین بکرێت.
رۆناڵدۆ لە دوایین یاری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی توانی دوو گۆڵ تۆمار بکات و ژمارەی گۆڵەکانیشی بە درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گەیاندە 111 گۆڵ و بووە گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکان.