بەیاننامەی هاوبەشی ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا و یوڤێنتوس سەبارەت بە سوپەرلیگ
یاریگا-
هەر سێ یانەی ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا و یوڤێنتوس بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و ئاماژەیان بەوەدا كە بەردەوام دەبن لە خولی سوپەری ئەوروپی ( سوپەرلیگ ).
لە مانگی چواری ڕابردوودا 11 یانە خولێكی سەربەخۆیان بە ناوی سوپەرلیگ درووستكرد و نۆ یانە لە بڕیارەكەیان پاشگەزبوونەوە و تەنها بارسێلۆنا و ڕیاڵ مەدرید و یوڤێنتوس ماونەتەوە.
ئەمڕۆ دادوەری دادگای سویسرا فەرمانی بە یوفا كرد كە هەموو ئەو ڕێكارانەی لە دژی یانەكانی سوپەرلیگ دەكرێت هەڵبوەشێنێتەوە و سەرجەم ئەو سزانەی بەسەر ئەو یانانەدا سەپێندراوە كە كشاونەتەوە هەڵبوەشێندرێتەوە.
هەرسێ یانەی ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا و یوڤێنتوس بەیاننامەیەكی فەرمیان بڵاوكردەوە كەمێك پێش ئێستا و تێیدا هاتووە:” دڵخۆشین بەوەی كە نەكەوتینە بەر هەڕەشەكانی یوفا و لەگەڵ پابەندبوونمان بە پڕۆژەی سوپەرلیگ ، كاردەكەین بۆ ڕەچاوكردنی بارودۆخی هاندەران و یاریزانان و ڕاهێنەران و یانەكان و خولەكان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیش ، هێشتا لەو باوەڕەداین كە پڕۆژەی سوپەرلیگ سەركەوتوو دەبێت و هەمیشە ڕێز لە یاساكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەگرین”.