یاریگا–
سەرەرای ئەوەی دەنگۆیەکی بەهێز لە ماوەی رابردوو بڵاوبووەتەوە گوایە رۆناڵد کومان بۆ وەرزی داهاتووش راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەبێت، بەڵام نوێترین دەنگۆ باس لە دوورخستنەوەی دەکەن.
کەناڵی TV3 ئیسپانی زانیاری دەستکەوتووە، لە کۆبونەوەکەی خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا لەگەڵ بەرێوەبەری کارەکانی راهێنەرە هۆڵەندیەکە باسی ئەوەی کردووە، ئەوان تاوەکو 15 رۆژی دیکە هەوڵ بۆ دەست نیشانکردنی راهێنەرێکی نوێ دەدەن، ئەگەر هیچ کەسیان دەست نیشان نەکرد، ئەو کات راهێنەرەکەیان بەردەوام دەبێت، بەپێچەوانەوەش لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە و کەسێکی نوێ دەست نیشان دەکرێت.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە سەرۆکایەتی بلاوگرانا چەند راهێنەرێکیان دەست نیشانکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ کامێکیان رێکنەکەوتوون و ئەگەری مانەوەی رۆناڵد کومانیش لە پۆستەکەی زۆر کەمە و وەرزی داهاتوو کەسێکی دیکە راهێنەرایەتی ئەو یانەیە دەکات.