یاریگا–
بریارە سبەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا بەڕێوەبچێت و سێ کەس خۆیان بۆ ئەم پۆستە پاڵاوتووە، ئەوانیش خوان لاپۆرتا، ڤیکتۆر فۆنت و تۆنی فریچا.
کێن ئەوانەی دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن:
ـ هەر ئەندامێکی یانە واتە هاندەرانیش دەگرێتەوە، ئەگەر تەمەنی لە 18 ساڵ بەرەو سەرەوە بێت و ساڵێک پێشتر ئەندامی ئەو یانەیە بوبێت، واتە کارتی ئەندامێتی ئەو یانەیەی هەبوو بێت.
ـ هەر ئەندامێک تەنها بۆی هەیە یەک دەنگ بدات، واتە تەنها دەنگ بە یەک لە پاڵێوراوەکان دەدات.
ـ لەم هەڵبژاردنەدا 110290 کەس مافی دەنگدانی هەیە، 40347 کەس تەمەنیان سەرووی 60 ساڵیە %93 دەنگدەران دانیشتووی هەرێمی کەتەلۆنیان، ٪4 لە ناوچەکانی دیکەی ئیسپانیان و %3 دیکەش لە ناوچەکانی دیکەی جیهانن.
کێن ئەوانەی دەتوانن ببن بە سەرۆکی بارسێلۆنا؟
ـ ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، پێویستە پێش وەختە 2257 دەنگی بەڵێ ئەندامانی یانەکە بەدەست بێنێت.
ـ پێویستە ئەو کەسە ئەندامی یانەکە بێت و کەسێکی دەوڵەند بێت و داهاتێکی باشی هەبێت، بۆ ئەوەی هەر کاتێک یانەکە تووشی قەیران بوو، بتوانێت بە داهاتەکەی کورت هێنان لە بودجەی یانەکەی پڕ بکاتەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کەی و چۆن بەڕێوەدەچێت؟
ـ بریارە سبەی یەک شەممە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەرۆ بە کاتی هەولێر و کاتژمێر 09:00 بە کاتی هەرێمی کەتەلۆنیا پرۆسەی هەڵبژاردن دەست پێ بکات.
ـ تاوەکو کاتژمێر 23:00 ـی شەو بە کاتی هەولێر پرۆسەی دەنگدان بەردەوام دەبێت.
ـ کاتژمێر 12ـی شەو بە کاتی هەولێر سەرۆکی نوێ یانەی بارسێلۆنا دەست نیشان دەکرێت.