ئەوەی مێسی پێشکەشی کردووە لە 2020
یاریگا- لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و ئەفسانەی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی یەكێكە لە سێ پاڵێوراوەكەی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان كە لە لایەن فیفاوە دەدرێت.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی لیستی كۆتایی كاندیدەكانی بۆ نازناوی باشترین یاریزان بۆ ساڵی 2020 ڕاگەیاند، لیستەكە پێكهاتووە لە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیۆنێل میسی و ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسكی.
لە وەرزی پێشوو لیۆنێل میسی بە بێ بردنەوەی هیچ نازناوێك كۆتایی پێهێنا ، كێبڕكێی خولی ئیسپانی بە ڕیاڵ مەدرید دۆڕاند ، هەروەها چامپیۆنسلیگ لەسەر دەستی بایرن میونشن بە شكستێكی سەخت دۆڕاند و، هەرچی جامی شایە لەسەر دەستی ئەتلەتیك بلباو ماڵئاوایی كرد.
هەروەها لە ڕووی ژمارەی تاكە كەسییەوە ،توانی لە خولی ئیسپانی 25 گۆڵ تۆمار بكات و 22 گۆڵیش درووست بكات، لە 33 یاریدا كە بەشداریكردووە.
لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاشدا لە كۆی بەشداریكردنی 8 یاری توانی 3 گۆڵ تۆمار بكات و 4 گۆلیش درووست بكات و لە سوپەری ئیسپانیاش گۆڵێكی تۆمار كرد.
وا بڕیارە ئاهەنگی باشترینەكان لە 17ی ئەم مانگە لە ” زیورخ”ی سویسرا بەڕێوە بچێت.