ڕۆنالدۆ سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ میسی: هەرگیز ئەوم وەك ڕكابەرێك نەبینیووە
یاریگا- كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی باس لە ئاستی یانەكەی و پەیوەندی لەگەڵ میسی دەكات.
یوڤێنتوس پێوویستی بە بردنەوە هەبوو بە جیاوازی سێ گۆڵ تا بە پێشەنگی كۆمەڵەكەی خۆی بگەیەنێتە قۆناغی 16، و توانیشیان ئەو كارە بكەن.
ڕۆناڵدۆ لە وتەکانیدا كە ڕۆژنامەی ” موندۆ دیپۆرتیڤۆ ” ی ئیسپانی بلاویكردووەتەوە ووتی: ” ئێمە زۆر خۆشحاڵین بەم سەرکەوتنە ، دەمانزانی کارێکی نزیکەی مەحاڵە ، هاتنی بۆ کامپ نۆو و تۆمارکردنی سێ گۆڵ زۆر قورسە ، بەڵام ئێمە باش یاریمان کرد ، کلیلی یارییەکەش سەرەتایەکی باش بوو ، 30 خولەکی یەکەمدا دوو گۆڵمان تۆمار کرد، لەو کاتەوە باوەڕمان هەبوو کە دەکرێت ئەمە ڕووبدات و ڕوویدا”.
هەروەها ووتیشی: ئەم بردنەوەیە متمانەی ئێمە بەهێز دەکات، پێویستمان بە بردنەوەیەکی لەم شێوەیە بوو بەرامبەر بە یانەیەكی گەورە.
سەبارەت بە یەكەم لێدانی سزا ووتی: نازانم درووست بوو یاخود نا، لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە سەیرم نەكرد، بەڵام هەرچی بێت ئەمە تۆپی پێیە.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان خۆی و میسی ووتی: هەموو كات دۆستانە بووە، بۆ ماوەی 12 بۆ 13 یان 14 ساڵە لە مەراسیمی خەڵاتەكاندا پێكەوە بووین، هەرگیز وەك ڕكابەرێك نەمبینیووە، هەوڵ دەدات باشترین كار بۆ یانەكەی و هەلبژاردەكەی بكات وەك من.
هەروەها ووتیشی: تۆپی پێ ڕكابەری لە نێوانمان درووست كردووە،بەڵام ئێمە زۆر باش مامەلەمان لەگەل كردووە، ئەگەر لە لیۆ بپرسیت هەمان شتت پێدەڵێت.
سەبارەت بە دۆخی بارسێلۆنا دۆن ووتی: بە كاتێكی سەختدا تێدەپەڕن، بەلام هەموو یانەیەك بەو دۆخەدا تێدەپەڕێت، دلنیام ئەو ماوە خراپەش كۆتایی دێت، ئەوان هێشتا بارسێلۆنان، ئەو یانە گەورەیەن.
لە كۆتایشدا ووتی: خۆشحاڵم وەك پێشەنگی كۆمەڵەكە چووینە قۆناغی داهاتوو، دەمانەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەكانمان بدەین، چونکە ئەمساڵ زەحمەت دەبێت و دەمەوێت ئامادەکاری بۆ یاریە گەورەکان بکەم.