ئێستا؛ ئیتاڵیا راهێنەریکی گەورە دەگوازێتەوە
پاڵەوانی ئازوورییەکان دەگەڕێتەوە

یاریگا –
پاڵەوانی یۆرۆی 2020 لە گەڕانەوەی بۆ پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا نزیکبووەتەوە.
جیانلوکا دی مارزیۆ، رۆژنامەنووسی تۆڕی سکای ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە، رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری ئیتاڵی بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا وەربگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دی مارزیۆ، بەهۆی ئەوەی پاولۆ ماڵدینی دەستی لە پۆستی بەڕێوبەری وەرزشی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا کێشاوەتەوە، جیۆڤانی مالاگۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا خۆی سەرکردایەتی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی مانچینی دەکات.
BREAKING: Roberto Mancini is the frontrunner to become Italy’s new head coach, according to Sky in Italy 🚨 pic.twitter.com/s0Tv0ED6Ga
— Sky Sports News (@SkySportsNews) July 28, 2026
دوێنێ دووشەممە 27ـی تەمموزی 2026، پاولۆ ماڵدینی و لیۆناردۆی راوێژکاری بەفەرمی هەڵبژاردەی ئیتاڵیایان جێهێشت، چونکە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا رازی نەبوو ئاندریا پیرلۆ پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە وەربگرێت بەهۆی ئەوەی پیرلۆ لەگەڵ کۆمپانیایەکی قومارکردنی رووسی کاری دەکرد.
تاوەکوو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام مانچینی لەم هاوینە سەدی قەتەری جێهێشت و ئێستا بێ یانەیە و بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا.
ئانتۆنیۆ کۆنتی کە لە 2014 تاوەکوو 2016 راهێنەری ئیتاڵیا بووە یەکێکی دیکەیە لە بەربژێرەکان، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیج گفتوگۆیەک لەگەڵ راهێنەرەکەی پێشووی ئازووری نەکراوە.
مانچینی پێشتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ و لە 2018 تاوەکوو 2023 راهێنەری ئازووری بووە، هەروەها جامی نەتەوەکانی 2020ـی بۆ هەڵبژاردەکە بەدەستهێناوە و لە مانگی ئابی 2023 دەستیلەکارکێشایەوە.
هەروەها جۆرجیۆ کیلینی، جوزێپی بێرگۆمی و کلۆدیۆ رانیێری بەربژێرن بۆ ئەوەی لە شوێنی ماڵدینی وەکوو بەڕێوبەری وەرزشی هەڵبژاردەکە دەستنیشانبکرێن.



