پەیوەندییان پێوە کردووە؛ کارلۆ ئانچێلۆتی وەڵامی نزیکبوونەوەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەداتەوە
ئێستا لە کەنەدا لە پشوودایە

یاریگا –
ئانچێلۆتی پابەندبوونی خۆی بۆ بەڕازیل تاوەکو 2030 دووپات دەکاتەوە و ئارەزووەکەی ئیتالیا سارد دەکاتەوە.
راهێنەرەکە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئیتالیاوە پەیوەندیی پێوە کراوە، بەڵام بە روونی ئاماژەی بەوە داوە کە نیازی هەیە لە پۆستی راهێنەرایەتیی بەڕازیل بمێنێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئابدا بگەڕێتەوە بۆ یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل (CBF).
کارلۆ ئانچێلۆتی بە دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی خۆی بۆ راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی بەڕازیل تاوەکو جامی جیهانیی 2030، کۆتایی بە بیرکردنەوەکان هێنا دەربارەی ئەگەریی گەڕانەوەی بۆ ئیتالیا.
هەوڵەکەی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتالیا (FIGC) رۆژی سێشەممە لەلایەن پاولۆ مالدینی، بەڕێوەبەری نوێی هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی یەکێتییەکە ئاشکرا کرا. بەگوێرەی رۆژنامەی گڵۆبۆ، پەیوەندییەکە دوو هەفتە پێش ئێستا کراوە، کەمێک دوای ماڵاواییکردنی بەڕازیل لە جامی جیهانی لەسەر دەستی نەرویج لە 5ـی تەممووزدا.
ئیتالیا دەیویست ئاگاداری پلانەکانی داهاتووی ئانچێلۆتی و بڕی بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بێت، ئەگەر هەوڵی دەستبەکاربوونی بدەن وەکوو راهێنەری هەڵبژاردەکە.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئانچێلۆتی بە رێزەوە وەڵامی داوەتەوە و سوپاسی یەکێتییەکەی کردووە بۆ سەرنجدانی، بەڵام بە روونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە هیچ ئارەزوویەکی بۆ جێهێشتنی بەڕازیل نییە.
دوو مانگ پێش ئێستاش راهێنەرە ئیتالییەکە گرێبەستێکی نوێی چوار ساڵەی لەگەڵ CBF واژۆ کرد، کە پابەندبوونی خۆی تاوەکوو جامی جیهانیی 2030 درێژ دەکاتەوە.
لێدوانەکانی مالدینی نەبوونە مایەی سەرسوڕمان بۆ یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل، کە پێشتر ئاگادار کرابووەوە لەوەی ئیتالیا پرسیاری کردووە.
ئێستا ئانچێلۆتی لە کەنەدا لە پشوودایە و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئابدا بگەڕێتەوە بۆ بەڕازیل بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ قۆناخی داهاتووی تیمەکە. یارییەکانی سەرەتا لە پۆستەکەیدا لە مانگی ئەیلوولدا دەبن، کاتێک بەڕازیل لە دوو یاریی دۆستانەی نێودەوڵەتیدا رووبەڕووی ئوسترالیا دەبێتەوە.
ئیتالیا پەیوەندیی بە پێپ گواردیۆلاشەوە کردووە، کە دوای جێهێشتنی مانچستەر سیتی لە کۆتاییی وەرزی رابردووی ئەورووپادا بێ یانەیە. یەکێتیی تۆپی پێی ئیتالیا هیوادارە لە رۆژانی داهاتوودا جێگرەوەی جێنارۆ گاتوزۆ دیاری بکات، دوای هەوڵە سەرنەکەوتووەکەی بۆ گەیاندنی ئیتالیا بۆ جامی جیهانیی 2026.



