شۆک بۆ هانزی فلیک؛ رەنگە بارسێلۆنا هەردوو هێرشبەرەکەی لەدەست بدات و پاریسیش ئامادە نییە 50 ملیۆنەکە بدات
داهاتووی فێران تۆرێس لە بارسێلۆنا دەکەوێتە مەترسییەوە

یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا خەریکە دەگاتە ئەو بڕوایەی کە دۆخی مانەوەی فێران تۆرێس زۆر ئاڵۆز بووە و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کارێکی ئاسان نییە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، هاتنەپێشەوەی کتوپڕی پاریس سان جێرمان و چەند یانەیەکی دیکە بۆ گواستنەوەی ئەم هێرشبەرە، کارگێڕیی یانە کاتالوونییەکەی شۆک کردووە، لە کاتێکدا پێشتر بارسا لە مانەوەی یاریزانەکە دڵنیابوو، بەڵام ئێستا ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکوو دێت زیاتر کەم دەبێتەوە.
CONFIDENCIAL SPORT 🔴
🔥 La salida de Ferran Torres del Barça se calienta: su renovación es ya muy complicada
✍️ L. Miguelsanzhttps://t.co/4fATZrL3ze
— Diario SPORT (@sport) July 22, 2026
هۆکارەکانی دواخستنی گرێبەستەکە
سەرەتا، کارگێڕیی بارسێلۆنا نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی فێرانی هەڵپەسارد تاوەکوو بڕیاری کۆتایی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی یەکلایی دەبێتەوە، چونکە ستراتیژی یانەکە ئەوە بوو کە تەنیا یەکێکیان بۆ پڕۆژەی داهاتوو بهێڵنەوە لەگەڵ کڕینی هێرشبەرێکی نوێی سەرەکی.
رۆیشتنی لیڤاندۆڤسکی رێگەی بۆ مانەوەی فێران خۆش کرد، بەڵام بارسێلۆنا گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ کۆتایی مێرکاتۆ دواخست؛ ئامانج لەمە ئەوە بوو کە لە مانگی سێپتەمبەرەوە رێککەوتنەکە بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لەو مەرجە بپارێزن کە تێیدا دەبوو بارسا 8 ملیۆن یۆرۆ وەکوو پاداشت بداتە مانچێستەر سیتی.
پێشهاتە نوێیەکان و ئۆفەرەکەی پاریس
ئاستە بەرزەکەی فێران لەم وەرزە و درەوشانەوەی لە مۆندیالی 2026، وای کرد چەندین یانە، بە تایبەت لە پرێمەرلیگەوە پەیوەندی بە بریکارەکانییەوە بکەن، بەڵام ئەوەی کە تەواوی هاوکێشەکەی گۆڕی، هاتنەناوەوەی پاریس سان جێرمان بوو.
یانە فەرەنسییەکە ئۆفەرێکی دارایی و وەرزشیی هێندە گەورەی پێشکەش بە تۆرێس کردووە کە رەتکردنەوەی قورسە، ئەمەش وای لە فێران کردووە بکەوێتە دوودڵییەوە؛ بەتایبەتی کە یاریزانەکە هەست بە کەمتەرخەمیی بارسێلۆنا دەکات کە هەمیشە وەکوو یەدەک و بژاردەی دووەم سەیری کراوە و تەواوی هەوڵە دارایی و میدیاییەکانی یانەکە بۆ هێنانی خولیان ئالڤارێز بووە، هەروەها بوونی لویس ئێنریکێ لە رهێنەرایەتیی پاریس سان جێرمان، هاندەرێکی گەورەیە بۆ رۆیشتنی فێران، چونکە راهێنەرەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کاروانی وەرزشیی ئەم یاریزانە هەبووە.
مەرجەکانی بارسا و هەڵوێستی هانزی فلیک
بارسێلۆنا دەیەوێت یاریزانەکە بە مانەوە قایل بکات، بەڵام بە هەمان مەرجەکانی پێشوو؛مووچەکەی زیاد ناکرێت و رۆڵەکەشی لە پێکهاتەکەدا وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هانزی فلیک زۆر گرنگی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێو ژووری خۆگۆڕین دەدات و پێی وایە فێران تۆرێس رۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستکردنی هاوسەنگی و پەیوەندییەکی باش لە نێوان یاریزانە ئیسپانییەکاندا، بۆیە ئارەزووی مانەوەی دەکات.
ئێستا ۆپەکە لە گۆڕەپانی فێرانە و بێدەنگیی یاریزانەکەش لەلایەن کارگێڕیی بارساوە وەووک نیشانەیەکی خراپ لێکدەدرێتەوە.
کێشەی نرخەکە و قەیرانی هێرشبەران
تاوەکوو ئێستا پاریس سان جێرمان هیچ گفتوگۆیەکی فەرمیی لەگەڵ بارسێلۆنا نەکردووە و چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی یاریزانەکەیە؛ ئەگەر فێران رازی بێت، بارسێلۆنا ئامادە نییە بە کەمتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ببێت، بەڵام پاریس پێی وایە ئەم نرخە زۆرە، چونکە تەنیا یەک ساڵ لە گرێبەستەکەی فێران ماوە و کارتی بەهێزی دانوستانەکە لە دەستی یانە فەرەنسییەکەدایە.
ئەگەر ئەم گواستنەوەیە رووبدات، بارسێلۆنا دەکەوێتە قەیرانێکی گەورەوە؛ یانەکە لە یەک کاتدا هەردوو هێرشبەرە سەرەکییەکەی، لیڤاندۆڤسکی و فێران، لەدەست دەدات و ناچار دەبێت لە بازاڕی گواستنەوەدا بە دوای دوو هێرشبەری نوێدا بگەڕێت، کە ئەمەش کارێکی زۆر سەختە بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانە داراییەکانی یانەکە و زانینی یانەکانی دیکە بە پێداویستییە بەپەلەکانی بارسا.



