پاداشتی جامی جیهانی؛ ئیسپانیا گرێبەستی دێلا فوێنتێ نوێ دەکاتەوە
ئیسپانیا دەیەوێت بۆ مۆندیالێکی دیکەش دێلا فیۆنتێ سەرپەرشتی تیمەکە بکات

یاریگا –
راستەوخۆ دوای ئەوەی سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی ئیسپانیای کرد بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2026، پێدەچێت لویس دێلا فوێنتێی راهێنەر بە واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیاوە پاداشت بکرێت.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی دێلا فوێنتێ تاوەکوو ساڵی 2030 درێژ بکاتەوە.
رافاێیل لۆزان، بەرپرسی باڵا لە یەکێتییەکە، هیچ گومانێکی لەوەدا نییە کە راهێنەری ئێستای ئیسپانیا دەبێت ئەو کەسە بێت کە سەرپەرشتیی لایەنی وەرزشیی داهاتووی وڵاتەکە بکات بۆ گەورەترین ئاڵەنگاریی رێکخستن، کە ئەویش مۆندیالی 2030ـیە.

ئامانجی لۆزان ئەوەیە گرێبەستەکەی فوێنتێ بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژ بکاتەوە کە گرێبەستی ئێستای نێوان هەردوو لایەن تاوەکوو کۆتایی یۆرۆی 2028 بەردەوام دەبێت، بەڵام لۆزان لە ئێستاوە چاوی بڕیوەتە نوێکردنەوە و باشترکردنی گرێبەستی ئەو راهێنەرەی کە خۆی لە نێو بژاردەی راهێنەرانی جیهاندا سەلماندووە.
لۆزان خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامە مەدریدییەکە، لە رۆژانی پێش یاریی کۆتایی مۆندیال ئەمەی پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد کە یەکێتییەکە بەنیازە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ دێلا و بریکارەکانی دابنیشێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێککەوتنێکی نوێ
دوای کۆتاییهاتنی وەرزی هاوین، چاوەڕوان دەکرێت هەردوو لایەن دابنیشین، گفتوگۆ بکەن و کاتی گونجاو دیاری بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی درێژکردنەوەی گرێبەستەکە و دەستکاریکردنی مووچەکەی کە بێگومان دیێلا شایستەیەتی. ساڵی 2030 بەڵێنی ساڵێکی مێژوویی بۆ وەرزشی ئیسپانیا دەدات و باوەڕی باو لە بارەگای یەکێتییەکە لە ئەوەیە کە هەڵبژاردەی نیشتمانی لەمە باشتر ناکەوێتە دەستێکی پارێزراوەوە.



